گێتی

سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا

مەودا میدیا - سلێمانی |


سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
ئینستتیوتی نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

لە دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا هیچ شتێك لەبارەی حزبەوە باس نەكراوە، چونكە لەوكاتەدا (دامەزراندنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا) شتێك نەبووە بەناوی حزبەوە و باوانی دامەزرێنەری ئەمەریكا هیچ ویستێكیان نەبووە بۆ دامەزراندنی حزب، تەنانەت یەكەم سەرۆكی ئەمەریكی (جۆرج واشنتن) ئەندامی هیچ حزبێك نەبوو، بەڵام لە كۆتاییەكەیدا بە راوێژی هاوڕێكانی (ئەلیكساندەر هامڵتۆن) و (جێمس مادیسۆن) سیستمی حزبی داڕشت بۆ ئەوەی سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سیستمی دووانەیی بێت.

مێژووی حزبی سیاسی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە 5 قۆناغدا تێپەڕیوە:

قۆناغی یەكەم: ماوەی نێوان ساڵانی 1792-1824  
لەم قۆناغەدا دوو حزبی سەرەكی باڵادەست بوون، ئەوانیش حزبی فیدراڵی و حزبی دیموكراتی- كۆماری، كە دامەزرێنەرەكەی تۆماس جیفرسۆنە، حزبی دیموكراتی- كۆماری لە ساڵی 1800 چووە سەر تەختی دەسەڵات، تا ئەو كاتە حزبی فیدراڵی نەگەشتبووە دەسەڵات تا لە ساڵی 1816- 1824 جیمس مۆنرۆ دەسەڵاتی وەرگرت و قۆناغی یەكەم لە سیستمی حزبی كۆتاییهات.

قۆناغی دووەم: ماوەی نێوان ساڵانی 1828-1854 
لەم قۆناغەدا حزبی دیموكراتی- كۆماری بوو بە دوو بەشەوە، حزبی دیموكراتی نوێ و حزبی چەپ بە سەركردایەتی هێنری كلای. لەم ماوەیەدا ئیدارەی سەرۆكایەتی لەلایەن دیموكراتەكانەوە بەڕێوەدەبرا، چەپەكانیش زیاتر بەسەر كۆنگرێسدا زاڵبوون لە بەشی سەرۆكایەتی و حكومەتدا، بەڵام حزبی چەپەكان نەیانتوانی زۆر بەردەوام بن، هەربۆیە لە پەنجاكاندا ئەم حزبە هەڵوەشایەوە بەهۆی لاوازی سەركردایەتی حزب و دابەشبوونی ناوخۆییەوە.

قۆناغی سێیەم: ماوەی نێوان ساڵانی 1854-1895 
لەم قۆناغەدا حزبی كۆمارییەكان دژ بە كۆیلایەتی درووستبوون، ئەم حزبە كۆمەڵێك لە كەیسی سیاسی و ئابووری وەك گومرگ و بانكی نیشتمانیان گرتەخۆ كە دواتر بوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی، لەم قۆناغەدا حزبی دیموكراتەكان و كۆمارییەكان سەرەكیترین حزب بوون لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

قۆناغی چوارەم: ماوەی نێوان ساڵانی 1896 -1932 
لەم قۆناغەدا دژایەتی زۆر درووستبوو لەنێوان هەردوو حزبە سەرەكییەكە (دیموكرات و كۆماریەكان)، لەم ماوەیەدا حزبی كۆمارییەكان باڵادەست بوون بەسەر دەسەڵاتدا و رەخنەی تووندیان لە دیموكراتەكان دەگرت بەبۆنەی قەیرانی ساڵی 1893 كە دواتر بوو بەهۆی بردنەوەی پاڵێوراوی كۆمارییەكان (ولیام ماكلینی) بەسەر پاڵێوراوی دیموكراتەكان (ویلیام جینگز) لە ساڵی 1896.

قۆناغی پێنجەم: لە ساڵی 1932- تائێستا
 لەم قۆناغەدا بەشێوەیەكی سەرەكی دوو حزبی سەرەكی رۆڵی گرنگیان هەیە، ئەم قۆناغە بەوە جیادەكرێتەوە كە حزبی كۆمارییەكان بەشێكی زۆری متمانەی گەلیان لەدەستدا دوای ئەوەی ئابووری وڵات تووشی داڕمان هات لە ساڵی 1929 كە ناونرا بە قۆناغی پاشەكشەی گەورە و دیموكراتەكان هاتنەوە سەر دەسەڵات و تائێستاش باڵادەستن بەسەر فەرمانڕەوایی وڵاتەوە.

تایبەتمەندییەكانی سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا:
سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە ژمارەیەك تایبەتمەندی لە هەموو سیستمێكی حزبی دیكە جیادەكرێتەوە لە وڵاتانی تر، ئەوانیش:

یەكەم: سیاسەتی حزبی ئاسان
مەبەست لەم تایبەتمەندییە حزبەكان سیاسەتێكی ئاسانیان هەیە بۆ پەیوەندیكردنی هاوڵاتیانی ئەمەریكی بە حزبەكانەوە، هەروەك چۆن ئاسانیشە بۆ وازهێنانیان لێیان و هیچ خەرجیەك نییە بۆ پەیوەندیكردن بەهەر حزبێكی دیاریكراوەوە، ئەندامێتی حزبی كارێكی ئاسانە، وەك تۆماركردنی ئەو زانیارییانە وایە كە لەكاتی دەنگدان پێشكەش دەكرێت لەلایەن دەنگدەرانەوە.
ئەم جۆرە لە تایبەتەمەندی رێگەخۆشكەر بووە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پاڵێوراو نەك حزبەكە خۆی و رێكخستنی حزبی لە ویلایەتێكەوە بۆ ویلایەتێكی دیكە جیاوازە، زیاتر تەركیز دەكرێتە سەر پاڵێوراو خۆی و كەیسەكەی نەك بە تەنیا حزبەكە.

دووەم: سەربەخۆیی و دەسەڵاتی زۆری ئەندامانی حزبی، نەبوونی رۆڵی گەورەی سەركردەكانی حزب لەسەر ئەندامەكانیان.
ئەم تایبەتمەندییە واتە نەبوونی دەسەڵاتی حزب لەسەر ئەندامەكانی لە كۆنگرێس، هەموو ئەندامێك مافی دەنگدانی بەهەر بڕیارێك كە خۆی بڕوای پێی هەبێت و ئیرادەی پێی هەبێت هەیە، ئەوەش بەپێچەوانەی سیستمی حزبی بەریتانییەوەیە، كە هەموو ئەندامێكی ئەنجومەنی گشتی بەریتانی ناتوانێت بڕیارێك بدات پێچەوانەی بڕیاری حزبەكەی بێت.
لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكاندا پاڵێوراو دیاری دەكرێت بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام لە سیستمی حزبی بەریتانیادا بە پێچەوانەوەیە، سەرۆكی حزب پاڵێوراوەكان دیاری دەكات.

سێیەم: حزب هەموو دەستەكانی كۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت
حزب لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەوڵدەدات زۆرترین ژمارەی هاوڵاتی پشتگیری لێبكات بە جیاوازی بیروڕایەكانیشیانەوە، حزب بەرنامەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنەكان دەخاتەڕوو تا زۆرترین ژمارەی خەڵك پەیوەندییان پێوەبكەن، هەموو حزبەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پەیوەست نین بە تەنیا چینێكەوە، بەڵكو هاوڵاتیان لە هەموو چینەكان دەتوانن پەیوەندی بە هەموو حزبەكانەوە بكەن.

چوارەم: پشتبەستنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەسەر خۆبەخشەكان
گەورەترین دەستكەوت و ئامانج لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەدەستهێنان و بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە، حزبەكان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و بڵاوكردنەوەی ریكلامەكان بە رێژەیەكی زۆر پشتدەبەستن بە خۆبەخشەرانی گەل و پیاوانی كار، چونكە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا تێچوویەكی ئێجگار زۆری دەوێت لە پارە كە حزبە بچووكەكان ناتوانن ئەو قورساییە لە ئەستۆ بگرن، هەربۆیەشە ئەو رۆڵە گەورەیان نییە.

پێنجەم: بەدرێژایی مێژوو لەنێوان حزبەكاندا هاوڕابوون هەیە لەسەر سیستمی ئابووری سەرمایەداری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. هەردوو حزبە سەرەكییەكە لە سەر هەموو شتەكان جیاوازییان هەیە و دژایەتی یەكتری دەكەن، بەڵام هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی ویلایەتە یەگرتوەكانی ئەمەریكا دەوڵەتێك بێت لەسەر سیستمی ئابووری سەرمایەداری بەڕێوەببرێت.

شەشەم: سیستمی دووانەیی حزبی
سیستمی حزبی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سیستمی دووانەییە و هەردوو حزبی سەرەكی دیموكرتەكان و كۆمارییەكان بەشدارن لە دەسەڵاتدا، بارودۆخی سیاسی وڵات لەلایەن هەردوو حزبەوە ئاڕاستە دەكرێت، هەر حزبێكیان ئەجێنداكەی لەسەر ئەوی تر دادەڕێژێت و هەروەها جیاوازییەكی زۆری فكری هەیە لەنێوانیشیاندا، بەڵام دەكرێت خاڵی هاوبەش هەبێت لە هەندێك بابەتی دیاریكراودا، هەروەها ئەو حزبەی دەیدۆڕێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدار دەبێت لەگەڵ حزبی براوە لە دەسەڵاتدا، ئەوەش پێچەوانەی سیستمی حزبییە لە بەریتانیا، كە حزبە بچووكەكان بەشداری لەگەڵ حزبە گەورەكان ناكەن لە دەسەڵاتدا، هەروەها چەند حزبێكی دیكەی بچووك هەن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەهۆی لاوازبوونیان و پاڵپشتی نەكردنیان لەلایەن گەلەوە ناتوانن بەشداربن لە نوێنەرایەتی كردنیان لە سیستمە دیموكراتییەكەی ئەمەریكادا.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان