کوردستانی

یاسایەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


یاسایەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە
مەودا میدیا-

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت له‌ ئه‌مڕۆوه‌ یاسای چاكسازی ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ بڕیاری زۆر گرنگ ده‌ركران، ئاماژەی بەوەشکرد ‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ نیازپاكی سه‌ردانی به‌غدایان كرد و گفتوگۆكانیشیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئەنجومەنی وەزیران جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ له‌ بواری پرسی چاكسازی و له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌و یاسایه‌ پڕۆژه‌ی حكومه‌ت بوو و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرا و ئه‌و یاسایه‌ پێویستی به‌ چه‌ندین په‌یڕه‌و هه‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنی و ئه‌مڕۆ چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا چه‌ندین بڕیاری گرنگ ده‌ركران".

ئەوەشی خستەڕوو "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان به‌ڕێوه‌چوو و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان به‌ كۆده‌نگ ده‌ركراون، ته‌نیا یه‌ك بڕیار نه‌بێت، كه‌ یه‌ك وه‌زیر له‌گه‌ڵی نه‌بووه‌".

ئەوەشی خستەڕوو "له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا. ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ نیازپاكی سه‌ردانی به‌غدامان كرد و گفتوگۆكانیشمان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی شایسته‌ داراییه‌كان. شاندی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانی به‌غدای كرد و باس له‌ پرسی بودجه‌ و مووچه‌ و نه‌وت كراوه‌ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا شاندی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌. ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق، له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌ستوور ده‌بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "بابه‌تی دووه‌می گفتوگۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دامه‌زراندنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی و سندووقی تایبه‌تی خانه‌نشینی بوو بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ پله‌ی تایبه‌ت خانه‌نشین كراون و ئه‌و سندووقه‌ ده‌پارێزرێت و سه‌رمایه‌كه‌ی تایبه‌ت ده‌بێت به‌وانه‌ی خانه‌نشینن به‌ پله‌ی تایبه‌ت. له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا یه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی خانه‌نشین ده‌بێت و په‌یڕه‌وی بۆ ئاماده‌ كراوه‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو ناوه‌ندی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێداچوونه‌وه‌ی كۆتایی بۆ ده‌كه‌ن".

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "له‌ ته‌وه‌ری سێیه‌میشدا، باس له‌ باجی كۆمپانیاكان كرا و پێویسته‌ باجیان بده‌ن و به‌ گوێره‌ی ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پابه‌ندییه‌ یاساییانه‌ له‌سه‌ریان جێبه‌جێ بكرێت. هه‌موو كۆمپانیاكان پابه‌ندده‌كرێن به‌ جێبه‌جێكردنی یاسا و دانه‌وه‌ی باجه‌كانیان".

جووتیار عادل باسی له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و وتیشی "باس له‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت كرا، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌و جۆره‌ په‌سند ده‌كرێت. هاوبه‌شی له‌ نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كان. له‌ هه‌مان كاتیشدا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌، لیستی میراتگری كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و راگیراوی سیاسی و زیندانیانی سیاسی به‌ پێی سیسته‌می بایۆمه‌تری رێكبخرێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی مه‌رجی یاساییان تێدا نه‌بێت، هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌. له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئه‌م یاسایه‌ كاری خۆی ده‌كات و شوێنه‌واری یاسایی ده‌بێت و ئه‌م لیستانه‌ پاك ده‌كرێنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی شایسته‌ن جیاده‌كرێنه‌وه‌ له‌وانه‌ی شایسته‌ نین. وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، یاسای چاكسازی جێبه‌جێ ده‌كرێت".

لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو "له‌ كۆتاییدا وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختمانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هاووڵاتیان و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ ئه‌ركدان به‌ تایبه‌تی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ سوپاسیان ده‌كه‌ین و داواش له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌کان".
Qaiwan
Qaiwan