کوردستانی

راستیی جێگیرکردنی هێزی سەربازیی عیراق لە قەزای زاخۆ

مەودا میدیا - سلێمانی |


راستیی جێگیرکردنی هێزی سەربازیی عیراق لە قەزای زاخۆ
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ماوەی چەند رۆژێکە لە راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان باس لەوە دەکرێت لە هەندێک ناوچە سنوورییەکانی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک هێزی حکومەتی عیراقی جێگیرکراوە و ئاڵای وڵاتەکەیان هەڵکردووە، فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری لیوای 3ی سلێمانیش لە رێگەی مەودا میدیاوە زانیاری لەسەر ئەو هێزانە ئاشکرا دەکات.

عەمید فەخرەدین عەبدوڵڵا، فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری لیوای 3ی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان سەر بە حکومەتی عیراقین و لە سەرجەم سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بنکەمان هەیە، هەروەها سێ بنەکەی لیوامان لە دهۆک و سۆران و سلێمانی هەیە"

ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە کۆنتڕۆڵی سنوورەکان دەکەین و هەندێک بابەت جێبەجێ دەکەین کە رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا، هەروەها سنوورەکان دەپارێزین، بۆیە کاتێک دەوڵەتی تورکیا سنوورەکانی کوردستانی بۆردوومانکرد و سوپای سەربازی تورکیا هاتە سنوورەکانی کوردستان حکومەتی عیراق بە رێکخستن لەگەڵ هەرێمی کوردستان پاسەوانی سنوور چوونە شوێنی رووداوەکە".

ئەوەشی خستەڕوو "کاتێک زانرا لەسەر سنوورەکان هەندێک شوێن هەیە کە لە داهاتوودا ئەگەر هەیە سوپای تورکیا بێن و بنکە دابنێن لەوێ، لیوای یەکی پاسەوانی سنووری دهۆک کە سەر بە حکومەتی عیراقییە بڕیاریدا لە پێنج شوێنەوە هێز دابنێن، بۆ ئەوەی سوپای تورکیا زیاتر نەیەنە ئەو ناوچانە".
Qaiwan
Qaiwan