کوردستانی
جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان چەند بڕیارێکی پەسەندکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەموزی 2020 جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رەوشی سیاسیی و ئابووری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و عیراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەموزی 2020 جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رەوشی سیاسیی و ئابووری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە راگەیەندراوێکدا جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند "لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم ئەندامان سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ، هەروەها حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و هاونیشتیمانیان کرا، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا خۆنەویستانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردوە و پابەندبون بە خۆپارێزی".
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم راسپاردە و بڕیارانە پەسەند کران:
یەکەم:جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کرد. قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی حوکمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە. هەروەها، جەختی کردەوە لە سەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی، وە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە کابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکومەتدا.
دووەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیندراوی کۆتایی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ کە تەنها بۆ یەک مانگ مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە و ئەو رێکارە کاتییە. بزووتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە حکومەت هەرێم پابەندبێت بەو بەڵێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
1-چاکسای ریشەیی لە کەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان، باج ئەنجامبدرێت.
2-رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە پێویست ئەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردولا پابەندی ماف و ئەرکەکانیان بن.
3- پێویستە دەستەبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و کۆتایی بە قۆرخکاری و دەستێوەردانی کۆمپانیای حیزبی بهێندرێت. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتیمانیان لە کاتی خۆیدا.
سێیەم: چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ بکرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و کردنیان بە دامەزراوەی نیشتیمانی.
4-مانەوە و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەکانی حکومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێکردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.
5- سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستکرد و لاوەکی، کە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی.
6-بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام دەدات.
لە کۆتایشدا هاتووە "دڵنیاین دەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاکسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێئەپەڕێنین. بزوتنەوەی گۆڕان بە باوەڕێکی نەپساوە پابەندە بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆی کە هەمیشە وەک داکۆکیکاری مافی هاونیشتیمانیان ئەمێنێتەوە. لەم پێناوەدا هەمو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر".