راپۆرت
کورد دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی عیراق بکات؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- رەنگین عارف
بارودۆخی عیراق سیاسەت و هەڵوێستی تازە لە کورد دەخوازێت، پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەبێت کورد دەوری خێر بگێڕێت و هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی ئارامکردنەوەیدا بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی کورد هەرچی بتوانێت وەریبگرێت و بە دەستی بهێنێت لە عیراقێکی ئارامدا بە دەستی دەهێنێت نەک بە پێچەوانەوە.
بارودۆخی عیراق سیاسەت و هەڵوێستی تازە لە کورد دەخوازێت، پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەبێت کورد دەوری خێر بگێڕێت و هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی ئارامکردنەوەیدا بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی کورد هەرچی بتوانێت وەریبگرێت و بە دەستی بهێنێت لە عیراقێکی ئارامدا بە دەستی دەهێنێت نەک بە پێچەوانەوە.
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان و رێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق، هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عیراق و سوتاندنی بەشێکی، کاریگەریی زیاتری لە ئاڵۆزیی بارودخۆی ئێستای عیراق کرد. کورد؛ کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی عیراقە رۆڵ و پێگە و قوورسایی هەیە، دەبێت لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای عیراقدا چۆن هەنگاو بنێت تا مەترسییەکان نەگەنە سەر کورد و دەستکەوتەکانی؟
کەمال رەئوف، چاودێری سیاسی و شارەزا لە بارودۆخی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "کورد هەم کوتلەی پەرلەمانی بەهێزە ئێستا، چونکە عەرەبەکان ناتوانن یەکگرتووبن و لەو رووەوە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت، هەم ئێستا کە سەرۆک کۆماریش کوردە دەتوانێت بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی هەرێم کاریگەریی گرنگی هەبێت لەسەر ئەو بارودۆخەی عیراق هەیە".
وتیشی "شتێک کە هەمیشە جەختی لێکراوەتەوە ئەوەیە، ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عیراق هەیە وایکردووە هیچ دەرفەتی بۆ ناتەبایی کورد نەهێشتووەتەوە، کاتی ئەوە نەماوە یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر بە جیا وەفد بنێرنە بەغدا، کورد لەم بارودۆخەی عیراق یەکگرتوو بێت هەم کاریگەریی لەسەر عیراق دەبێت هەم دەتوانێت ئەوەی بەدەستیهێناوە بیارێزێت."
دەوترێت ئەم بارودۆخەی ئێستا عیراقی تێدایە دەرفەتێکی ترە بۆ کورد تا بتوانێت بیقۆزێتەوە و مافە دەستوورییەکانی وەربگرێت، بەڵام کەمال رەئوف دەڵێت "کورد کەمی بەدەست نەهێناوە، ئەگەر ئیدارەیەکی باش بکرێت، بڕواش ناکەم کورد لەوەی ئێستا هەیەتی زیاتر بەدەستبهێنێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کورد لە عیراقێکی ئارامدا دەستکەوتەکانی پارێزراو دەبن، بەتایبەت تائێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دێت، بۆیە زۆر گرنگە بۆ کورد دەوری خێر و ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە ببینێت نەک تەرەفگیری و قوڵکردنەوەی ئەو مەزهەبگەراییەی لە عیراق هەیە."
بارودۆخی عیراق لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پارێزگا جیاوازەکانیدا زیاتر ئاڵۆز بوو، هاوکات رەهەندە مەزهەبگەراییەکان زیاتر دەرکەوتوون و ململانێکانی ئەمەریکا و ئێرانیش لە عیراق قۆناغی نوێیان بڕیوە و ئاڵۆزتر بوون، بۆیە کورد لەو نێوانەدا دەبێت وریایانە مامەڵە بکات و هەوڵ بدات نەبێتە پووشی ئاگرەکە.
سەردار عەزیز، لێکۆڵەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە مەودا میدیای راگەیاند "زۆر گرنگە کورد لەم بارودۆخەدا رۆڵی گرنگ بگێڕێت، گێڕانی رۆڵ بەو مانایە چۆن بتوانین کاریگەریی درووستبکەین لە ناو ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەدا".
وتیشی "درووستکردنی شاندێکی دیپلۆماسیی کوردی لە شتە هەرە گرنگ و لە پێشینەکانی ئێستایە کە هەڵگری گوتاری ئاشتی بێت، چونکە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا ئەو پەیامە گوێگری زۆر دەبێت و رێگەچارەی دیپلۆماسی کە زۆر سەرچاوە ئاماژەیان پێداوە وەک ئاشتی، گرنگە و لە جیهانیشدا گوێگری زۆر دەبێت."
بە بڕوای ئەو لێکۆڵەرە، پێویستە ئەو شاندە لە کەسانی شارەزا و زمانزان پێکهاتبن و گرووپێک راوێژکاری بەهێز لە پشتیانەوە بن، پێشیوایە دەکرێت کەسانی بیانیی وەک بێرناد کۆشنەریش ئەندامێتیی تێدا بکەن.