کوردستانی

لەسەر رووداوەكەی نەخۆشخانەی كەركوك لیژنەیەك گەیشتە ئەو شارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەسەر رووداوەكەی نەخۆشخانەی كەركوك لیژنەیەك گەیشتە ئەو شارە
مەودا میدیا-

دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری كەركوك پیاوێك بە كەلەپچەكراوی بە قەرەوێڵەی خێزانە تووشبووەكەی بە كۆرۆنا بەسترابوو دواتر خێزانی بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكەكان گیانی لە دەستدا، لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە گەیشتە ئەو شارە.

جەمال شوكر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانيی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای بڵاوبوونەوەی ئەو رووداوە لە نەخۆشخانەی گشتی شاری كەركوك، كە بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكانی نەخۆشخانەكە ژنێكی تووشبووی كۆرۆنا گیانی لە دەستدا، نوسراومان ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عیراق كرد".

ئاماژەی بەوەشكرد "وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی تایبەتمەندی لەسەر ئەو رووداوە پێكهێناوە و لیژنەكەش سەردانی شاری كەركوكی كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن، چونكە دەوترێت كەمتەرخەمییەكی زۆر بەرانبەر ئەو ژن و پیاوەكەی كراوە و دواجار ژنەكە گیانی لە دەستداوە".

پێش چەند رۆژێك لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، دوای ئەوەی ژنێك تووشی كۆرۆنا دەبێت و تەندروستی تێكدەچێت، دواتر لەگەڵ پزیشكانی نەخۆشخانەكە كێشە دروست دەبێت و ئەو ئۆكسیجینەی كە بۆ ژنەكە دانراوە لە لایەن كەسوكارییەوە بۆی كڕدرابوو، لە لایەن پزیشكەكانەوە لێدەكرێتەوە و كەمتەرخەمی بەرانبەری دەنوێنن، هەرچەندە هاوسەرەكەی داوای كردبوو بچن بە دەم ژنەكەیەوە چونكە تەندروستی تێكچووە، بەڵام هیچ بەدەمەوە هاتنێكیان نەبووە و دوای چەند كاتژمێرێك بەهۆی هەناسە توندی گیانی لە دەستداو پیاوەكەشی بە كەلەپچە كراوی بەسترابوو بە قەرەوێڵەكەوە.

ه،ع
Qaiwan
Qaiwan