کوردستانی

فەڕەنسا پشتیوانی بۆ هەرێم دووپاتدەكاتەوە، چەندین پرۆژەش ئەنجام دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەڕەنسا پشتیوانی بۆ هەرێم دووپاتدەكاتەوە، چەندین پرۆژەش  ئەنجام دەدات
مەودا میدیا-

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا شەوی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە هەولێر لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی پێشوازیكرا، ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە، دوای كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جان ئیف لۆدەریان ئامانجی سەردانەكەی بۆ عیراق و هەرێم ئاشكرا كرد، پشتیوانی خۆشی بۆ هەرێم دووپاتكردەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند" بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لە جان لۆدەریان كرد، سەردانەكەی لەكاتێكی هەستیاردایە بۆیە بۆ ئێمە گرنگە و نیشانەی بەردەوامی پشتگیری فەڕەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان، دەمەوێت سوپاسی فەڕەنسا بكەم هەمیشە لە تەنگانەدا پشتیوانی كوردی كردووە، یەكەم وڵاتیش بوو ڕۆڵی هەبوو لە شكاندنی ئابڵوقەی سەر هەرێم لە 2017 دا .

نێچیرڤان بارزانی  وتیشی" لە شەڕی داعش فەڕەنسا پشتگیری و رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو، هێشتاش عیراق و هەرێم پێویستیان بە فەڕەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، فەرەنسا هاوكاری پەنابەرانیشی كردووە بەتایبەت ئێزدیەكان هەم لێرە هەم لە فەڕەنسا، سوپاسی باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر دەكەین، كۆمپانیا فەڕەنسیەكان دەتوانن لە هەموو بوارێكدا وەبەرهێنان لە كوردستان بكەن. 

لەلایەن خۆشیەوە جان ئیف لۆدەریان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند" ئەمە هەشتەمین سەردانمە بۆ هەرێمی كوردستان، چوار جاریان وەك وەزیری بەرگری هاتووم، لە دەستپێكی پەتای كۆرۆناوە یەكەم سەردانمە بۆ هەرێمی كوردستان، پێمخۆش بوو ئەم سەردانە بكەم بۆ لای ئێوە كە هاوسۆزی و پشتیوانییە، لە چەند رۆژی داهاتوودا پشتیوانی تەندروستی دەگەیەنینە هەرێم".

لۆدەریان وتیشی" دەبێت هەموومان پێكەوە روبەڕووی داعش ببینەوە، هەروەها هاوسۆزی لە قەیرانی و گرژی هەرێمیانە بكەین، هەروەها هاوسۆزی لە بواری مرۆیی كە هەرێم بە پێشوازی لە پەنابەران هەڵوێستێكی جوامێرانەی نواند، لە دواجار سەردانی كوردستانم كرد لە ساڵی رابردوو، بەڵێنم دا چەندین ملیۆن یۆرۆ كۆبكەمەوە بۆ هاوكاری كوردستان، لە بەردەڕەش چەندین پرۆژەمان ئەنجامدا، زۆر سوپاستان دەكەین جەخت لە پشتیوانی ئێوە دەكەمەوە، لە رۆژانی داهاتووشدا فەرەنسا هاوكاری دەگەیەنێتە نەخۆشخانەی هەڵەبجە، بە هەماهەنگی ئەڵمانیا پرۆژەیەك بە گوژمەی 15 ملیۆن یۆرۆ لە دهۆك ئەنجام دەدەین، هەروەها زانكۆی فەرەِنسی لە سلێمانی دەكەینەوە.
س.ج

Qaiwan
Qaiwan