تەندروستی

لەگەڵ ئەم رێنماییانە جەژنەکەت تەندروست دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەگەڵ ئەم رێنماییانە جەژنەکەت تەندروست دەبێت
مەودا میدیا-

 د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد پسپۆری بێ ھۆشکاری و ئازار شکاندن باس لە هەندێک رێنمایی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستی لە جەژندا بڵاودەکاتەوە دەڵێت "دوورکەوەرەوە لە خواردنی ژەمە قورسەکان کە دەبنە ھۆی ئازاری گەدە و تێکچوونی گەدە، وەکو خواردنە سورەوکراوەکان، یاخود ئەو خواردنانەی زۆر چەورن و جوان نەکوڵاون، ھەندێک لە پاقلەمەنیەکان کەتوێکڵەکانیان ئەستوورە".

ئەو رێنماییانەش ئەمانەن:
1- تکایە دوورکەوەرەوە لە خواردنی شیرینی زۆر لەبەیانی جەژندا، بۆ ئەوەی بە دووربیت لە کێشەو ئازاری گەدە، دەتوانرێت نانی بەیانی جەژن بکرێت بە دووبەشەوە، بەشێک پێش نوێژی جەژن کەباشترە پێک ھاتبێت لە ماست و خورما کەلەسێ دەنک زیاتر نەبێت ئەوەی تریش لە دوای نوێژ کەھەر باشترە ژەمێکی سوکەڵە بێت نەک قورس.

2- دوورکەوەرەوە لەخواردنی ژەمە قورسەکان کە دەبنە ھۆی ئازاری گەدە و تێکچوونی گەدە، وەکو خواردنە سورەوکراوەکان، یاخود ئەو خواردنانەی زۆر چەورن و جوان نەکوڵاون، ھەندێک لە پاقلەمەنیەکان کەتوێکڵەکانیان ئەستوورە.

3- لەکاتی ئامادەکردنی شیرینی دا باشترە یەک جۆر حازر کەیت و بە رێگایەکی تەندروست بێت، زۆری جۆرەکان وادەکات زیاتر بخورێن، باشتر وایە کەمتر رۆن بەکاربھێنرێت لە ئامادەکردنیدا و لەجیاتی ئەو زەیتی زەیتون بەکاربێت.

4- باشتر وایە ئەو گۆشتەی ئامادەی دەکەیت بۆ خواردن ھەموو چەورییەکەی لێکەیتەوە پێش لێنان، ئەگەر مریشکت ئامادەکرد پێستەکەی بە تەواوەتی لێکەرەوە، ھەتا ئەتوانیت خوێ کەم کەرەوەو بەھاراتەکانی تر وەکو زەردەچەوە و بیبەری سپی و ئاڵەت بەکاربھێنە بۆ بەتامکردنی خواردنەکەت، ھەتا دەتوانیت خۆت بە دوور بگرە لە خواردنی گۆشتی سوور، ئەگەر خواردیشت باشتر وایە بەکوڵاوی یان برژاوی بێت.

5- ئاو زۆر بخۆرەوە یاخود شەربەتی میوەی فرێش، دووربکەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە ئامادەکراوەکان، بۆ ئەوەی دوور بیت لە قەبزی و جەستەت بە ڕێک و پێکی کارەکانی ئەنجام بدات.

6- دووربکەوە لە بەکارھێنانی زەردێنەی ھێلکە لەھەندێ خواردەمەنی و شیرینیدا، چونکە ڕێژەیەکی زۆر کۆلیسترۆڵ و چەوری تیادایە، شیری کەم چەوری و ئاردی بۆر بەکار بھێنە بۆ ئامادەکردنی شیرینیەکان.
ژمارەی کالۆری کە لەناو پارچەیەک کێکدایە چوار ئەوەندەی کێشەکەیەتی، واتە ئەگەر کێکێک کێشی 30غم بێت ئەوە بڕی 120 کالۆری تیادایە، بۆیە باشترە لە دووپارچە کێک زیاتر نەخورێت لە ڕۆژەکەدا.

7- نابێت بڕی زیاتر لە 400 ملغم کافایین وەربگریت لە ڕۆژەکەدا ، واتە نزیکەی( 9-10 کوپ قاوە ، 6-7 کوپ چا ).

8- بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی تەھەیوجی و گرژبوونی کۆڵۆنیان ھەیە دوور کەونەوە لەو خواردنانەی کە بەشێوەیەکی زۆر بەھارات و بیبەر و ئاڵەتیان تیادایە، یاخود خواردنە توون و تیژەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە دەعوتەکان دا لێدەنرێن.

9- نابێت وەرزشەکانت لەبیر چێت و دەبێت ھەموو رۆژێک 90-120خولەک وەرزش ئەنجامبدەیت، بۆ ئەوەی کێشت راگریت و دوور کەویتەوە لەنەخۆشیە درێژخایەنەکان.

10- ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵە وەک نەخۆشی شەکرە، نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن لەکاتی خواردنی ژەمەکاندا دوور کەونەوە لەژەمە قورسەکان، لە خواردنە چەوروسوێرەکان ، لەشیرینی و کاربۆھیدراتەکان، خواردنی سورەوکراو، کەمکردنەوەی کافایین، باشترە ژەمی بچووک بچووک بخورێت و جۆراو جۆر بێت لە ڕۆژەکەدا.

11- ھەرگیز ژەمی بەیانی فەرامۆش مەکە، چونکە فەرامۆش کردنی دەبێتە ھۆی زیاتر خواردن لە ژەمەکانی تردا.

12- لەکاتی دەعوەت دا کەژمارەیەکی زۆر و جۆراوجۆر خواردنت پێشکەش دەکرێت، تۆ ھەمیشە خواردنە تەندروستەکان زیاتر ھەڵبژێرە کە پێکھاتەی خۆراکیان زۆرەو کالۆریان کەمە، وەکو: سەوزەواتەکان، میوەکان، دانەوێڵە تەواوەکان و گۆشتی کەم چەوری.
دوور کەوەرەوە لە خواردنە سوێرەکان، خواردنەوە گازییەکان کە رێژەیەکی زۆر شەکر و کافاینیان تیادایە، دوور کەوەرەوە لەخواردنە چەورەکان.

13- ھەوڵدە کەمتر ترشیات و مخەللەکان بخۆی، چونکە ھەندێک جار کاریگەری خراپیان ھەیە ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر بخورێت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە