راپۆرت

دوای شەمشەمەكوێرە.. ئاژەڵێكی نوێ بە بڵاوكردنەوەی كۆرۆنا تۆمەتبار دەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوای شەمشەمەكوێرە.. ئاژەڵێكی نوێ بە بڵاوكردنەوەی كۆرۆنا تۆمەتبار دەكرێت
مەودا میدیا-

دەسەڵاتدارانی هەریەك لە هۆڵەندا و ئیسپانیا و دانیمارك، فەرمانیان كردووە بە كوشتنی زیاتر لە ملیۆنێك ئاژەڵی "مینك" لە كێڵگە كشتوكاڵیەكاندا، ئەویش پاش ئەوەی لێیان كۆڵیوەتەوە كە گوایە هەڵگر و گوێزەرەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە بۆ مرۆڤ.

پسپۆڕانی ئەو  وڵاتانە پێیان وایە، بەهۆی ئەو ئاژەڵەوە كۆرۆنا لەناو كێڵگەكانەوە مرۆڤ تووشی بووە، بەڵام تا ئێستا ئەم توێژینەوەیە لەلایەن هیچ وڵاتێك یاخود رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە".

دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا و ئیسپانیا فەرمانیان كردووە بە كوشتنی ئەو ئاژەڵانە
هەرچەندە تا ئێستا زانایانی ئەو سێ  وڵاتە لە لێكۆڵینەوەدان، بەڵام "دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا و ئیسپانیا فەرمانیان كردووە بە كوشتنی ئەو ئاژەڵانە، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە جوتیارەكان كردووە بە رێگەی دەرمان ئاژەڵی مینك بكوژن".

ئاژەڵی مینك سوود لە فەروو و پێستەكەشی وەردەگیرێت و زیاتر لە ناوچە ساردەكان دەژی، بە وتەی بەرپرسی هەرێمی بۆ كشتوكاڵ و ژینگە لە  ئیسپانیا، بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەو وڵاتە لەرێگەی ئەو ئاژەڵەوە بووە، یەكەمجاریش لە گوندێك بووە بەناوی "لا بویبلا دی ڤالڤێردی" ئەویش پاش توشبوونی 7 جوتیار لەكۆی 14 جوتیاری ئەو گوندە بۆیان دەركەوتووە".

تا ئێستا لە هۆڵەندا و ئیسپانیا بەپێی هەواڵێكی ئەسۆشەیتد پرێس، 92 هەزار لەو جۆرە ئاژەڵە كوژراون، باس لەوەشدەكرێت %90 ی ئەو ئاژەڵانە لە ئیسپانیا هەڵگری ڤایرۆسەكەن".

لە دانیماركیش، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پاش ئەوەی ئاژەڵێكی مینكی تووشبوویان بە كۆرۆنا لە كێڵگەیەكدا دۆزیوەتەوە، بڕیاریانداوە 11 هەزار ئاژەڵی كێڵگەكانی ئەو وڵاتە بكوژن".

 ئەو ڤایرۆسەی ئاژەڵی مینگ هەڵگری بووە هەمان ئەو ڤایرۆسە بووە كە تووشی مرۆڤ دەبێت
لەماوەی رابردووشدا وەزارەتی كشتوكاڵی هۆڵەندا، رایگەیاند لە هەرێمی برابانت چەندین ئاژەڵی مینك كە توشبووی كۆرۆنان پشتڕاستكراونەتەوە، پسپۆڕێكی ڤێتێرنەریش بە رۆیتەرزی وتووە" ئەو ڤایرۆسەی ئاژەڵی مینگ هەڵگری بووە هەمان ئەو ڤایرۆسە بووە كە تووشی مرۆڤ دەبێت، كە مەبەست لێی كۆرۆنای نوێیە، ئەمەش كاتێك دەركەوتووە كە پشكنینی ئاژەڵەكە و ئەو كرێكارانەی لەو كێڵگانەدا كاریان كردووە هەمان ئەنجامی هەبووە".

پێشتریش شەمشەمەكوێرە بە بڵاوكردنەوەی كۆرۆنا تۆمەتباركرابوو
جێگەی ئاماژەیە، دوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ"كۆڤید19" لە مانگی یەكی 2020 دا لە ویلایەتی ووهانی چین بڵاوبوویەوە، بەشێك لە زانایان ئاژەڵیان بە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە ناوبرد، بەتایبەتیش شەمشەمەكوێرە بە گوێزەرەوەی ڤایرۆسەكە تۆمەتبار كرا، وەك چۆن هەندێك لەو ڤایرۆسانەی لە رابردوودا بڵاوبوونەتەوە هۆكارەكەیان ئاژەڵان بوون".

بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكانیش، "تا ئێستا تووشبوونی چەند ئاژەڵێكی وەك" پشیلە و پڵنگ و سەگ" بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتڕاستكراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا زانایان لەسەر ئەوە ناكۆكن كە ئایا ئاژەڵەكان بۆ مرۆڤی دەگوازنەوە یاخود نا".

لێكۆڵینەوەیەكی ئەمەریكی لەوبارەیەوە چی دەڵێت!
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ناوەندی ئەمەریكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكان و پەرەپێدانی بەرگری جەستە، هەندێك لە حاڵەتەكانی كۆرۆنا كە تووشی ئاژەڵان بووە، دەكرێت بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە و دواتریش لەو مرۆڤەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە، بەڵام وەك ئەو ناوەندە ئاماژەی پێداوە ئەو حاڵەتە زۆر دەگمەنە".

س.ج

Qaiwan
Qaiwan