کوردستانی

"پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك دۆخەكەی قۆستووەتەوە بۆ دەركردنی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان"

مەودا میدیا - سلێمانی |


 "پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك دۆخەكەی قۆستووەتەوە بۆ دەركردنی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان"
مەودا میدیا-

دوو پەرلەمانتاری كورد رایدەگەیەنن" ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت زۆربەی كێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر دەكرێن، ئێستاش پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك بە قۆستنەوەی دۆخەكە دەیەوێت عەرەبی هاوردە بهێنێتە ناوچە كوردیەكان".

 هەردوو پەرلەمانتار جەمال شوكرو مەریوان نادر،نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عیراق كە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كێشەی ئەمڕۆی خورماتوو لەنێوان كورد و ژمارەیەك عەرەبی هاوردەدا رایانگەیاند"  ئیدارەی كەركوك هاوكاری عەرەبە هاوردەكان دەكات بۆ نیشتەجێكردنیان لە كەركوك، ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر نەكرێن كارەساتی گەورە دەخوڵقێنن،وتیشیان پێویستە سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بێدەنگ نەبن". 

ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەشكرد" هەندێك كەسایەتی سیاسی و سەربازی لە سنورەكە هەلەكەیان قۆستووەتەوە ئەگەرنا بەشێوەی رەسمی بڕیار نییە بۆ دەركردن یاخود بێزاركردنی كوردی ئەو ناوچانە، كێشەكانیش پەیوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە كە حكومەتی عیراقی دەریكردووە و بەڵام جێبەجێی ناكات".

ئەو نوێنەرانەی كەركوك دەڵێن" ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت زۆربەی كێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر دەكرێن، ئێستاش پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك بە قۆستنەوەی دۆخەكە دەیەوێت عەرەبی هاوردە بهێنێتە ناوچە كوردیەكان و تەعریبیان دەستپێكردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێك ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عیراق و سەرۆكایەتی كۆماری عیراقیش كراوە".

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی ئاب نزیكەی 15 خێزانی عەرەبی هاوردە بە نیازی نیشتەجێبوون چوونە گوندێكی نێوان داقووق ‌و خورماتوو، بەڵام دانیشتووانی گوندەكە كە كوردن رووبەڕوویان بوونەوە و شەڕ دروستبوو، پاشان بە هەوڵی دوو پەرلەمانتاری كورد كێشەكە چارەسەركرا و ئەو چەند كەسەش كە دەستگیركرابوون و كورد بوون ئازادكران.

س.ج

Qaiwan
Qaiwan