کوردستانی

مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەشەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لە شنگال و دەوروبەری، پەیامێكی بڵاوكردەوە و کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنێت لە مێژووی هاوچەرخدا، هەروەها راشیگەیاندووە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون.

لە پەیامەکەدا هاتووە "لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان. سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک وبرایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "لەم یادە خەمناکەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.  پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون. هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan