کوردستانی

هەر ئێستا چەند گوندێکی ئەم ناوچەیە چۆڵکران

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەر ئێستا چەند گوندێکی ئەم ناوچەیە چۆڵکران
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران چەند گوندێکی ناحیەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر تۆپبارانکرا تاوەکو ئێستاش بەشێوەی ناوەناوە تۆپبارانکردنەکە بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری پووش و پاوان سووتاوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان لەبارەی رووداوەکەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 11:15 خولەکی لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە زۆر بەچڕی كوێستانی بەربزین و گوندەكانی كەتینە و بن پەرێز لە سنووری ناحیەی سیدەكان تۆپباران کرا، هەتاوەکو ئێستاش تۆپبارانەکە بەشێوەی ناوەناوە بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەوھۆی تۆپبارانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەكە كەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە و نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەروەها ئەمە بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 2020 ئەو ناوچانە تۆپباران بکرێت".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی"ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر تۆپبارانی ئێران، شوێنی نیشەجێبوونی جوتیار و مەڕدارەكانە و تائێستا تۆپباران بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوامە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئامانج لە تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانە لێدانی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتە، چونکە سیدەکان هاوتەریبە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران".

چەلەبی وتیشی "ئەو کەسانەی لەوێ کاری کشتوکاڵ و مەڕومالات دەکەن ئەو گوندانەیان چۆڵکردووە لە ترسی تۆپبارانکردنی ئەو گوندانە لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan