کوردستانی

هەولێر- دوو كەس بە تۆمەتی فرۆشتنی ئۆكسجین دەستگیركران

مەودا میدیا - سلێمانی |


 هەولێر- دوو كەس بە تۆمەتی فرۆشتنی ئۆكسجین دەستگیركران
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوو كەس لە هەولێر بە تۆمەتی فرۆشتنی بتڵی ئۆكسجین دەستگیركران، قایمقامی هەولێریش رایدەگەیەنێت  بازرگانییەكی نایاساییە و  هەر كەسێك بیكات دەستگیر دەكرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند"ئێوارەی رۆژی دووشەممە دوو كاسبكارمان دەستگیر كرد كە لە شەقامی پزیشكانی هەولێر بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بوتڵی ئۆكسجینیان لەسەر شەقام دەفرۆشت".

 وتیشی " ئەو دوو كاسبكارە، برای یەكدین و دانیشتووی شاری هەولێرن، پۆلیس دەستی بەسەر بوتڵە ئۆكسجینەكدا گرتووە كە ئەو دوو برایە ویستوویانە بیفرۆشن ".

قایمقامی هەولێر دەڵێت " مامەڵەكردن بە بوتڵی ئۆكسجین نایاساییە، چونكە بوتڵی ئۆكسجین شارەزایی دەوێت و مەترسی تەقینیشی هەیە، هەروەها ئەو شوێنەش كە بوتڵە ئۆكسجینەكانیان لێ فرۆشتووە سەر شەقامە و نایاساییە و رێگەپێدراو نییە".

نەبەز عەبدولحەمید هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی ئەو جۆرە كارانە دەكەن و دەڵێت: "هەر كەسێك ئەم كارە بكات رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و رێكاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، چونكە ئۆكسجین ناكرێت هیچ كەسێكی دیكە جگە لە لەلایەنە تەندروستییەكان مامەڵەی پێوەبكات و رێوشوێنی تەندروستی خۆی هەیە".

سەبارەت بەوەی بە چەند ئەو بتڵە ئۆكسجینەیان فرۆشتووە، قایمقامی هەولێر وتی " نرخەكان بەپێی قەبارەی بوتڵەكان جیاواز بوون، بەڵام نرخەكان بەپێی زانیاری ئێمە لە 275 هەزارەوە دەستیپێكردووە، بۆیە دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە كە ئایا لە كوێ ئەو بوتڵانەیان دەستكەتووە ".

لەماوەی رابردوودا،  نەخۆشخانەی رزگاری كە ئێستا بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا تەرخانكراوە، چەند جارێك كێشەی نەمانی ئۆكسجینی بۆ دروست بوو، ئەمەش ترسی لەلای كەسوكاری تووشبووان دروستكرد  بە جۆرێك هەندێكیان روویان لە كڕینی ئۆكسجین كرد، قایمقامی هەولێر دەڵێت پێشتر ئەو دوو كەسە بەپێی زانیاریەكانی من "بەقاڵ" بوون سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر دەروونی هاوڵاتیان ".
Qaiwan
Qaiwan