کوردستانی

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەیەکی هەرێمیان بۆردوومان کرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەیەکی هەرێمیان بۆردوومان کرد
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا خوار شاخی بالۆسە کە دەکەوێت سنووری گوندی قامیشی قەزای ماوەتیان بۆردوومانکرد بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و زیانێکی مادی زۆر بە هاوڵاتییان گەیشتووە.

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە مەودا میدیای راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 1:30 خولەک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا  خوار شاخی بالۆسە کە دەکەوێت سنووری گوندی قامیش لە قەزای ماوەتیان بۆردوومانکرد".

لەبارەی زیانەکانییەوە ناوبراو وتی "هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی مادی زۆر بەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە کەوتووە، چونکە بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر کەوتووەتەوە و زیان بە رەز و باخەکانیان کەوتووە".

جێگای ئاماژە، لەماوەیەدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین جار ناوچەکانی سنووری ناحیە شارباژێریان بۆردوومان کردووە زیانێکی زۆری مادی و گیانی لێکەوتووەتەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan