کوردستانی

هاتنی گەشتیاران ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاتنی گەشتیاران ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی شەقڵاوە رایدەگەیەنێت هاتنی گەشتیار بۆ شەقڵاوە  ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای بەرزکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد  ناحیەی باسترمە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنای تێدا تۆمار نەکراوە.

محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی شەقڵاوە بە مەودا میدیای راگەیاند "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی قەزای شەقڵاوە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا 200 کەسە کە زۆرترین تووشبوویان لە ناحیەی پیرمامە، هەروەها ناحیەی باسترمە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنای تێدا تۆمار نەکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "رۆژانە ئێمە تیمەکانمان بەردەوامن لە ئەنجامدانی پشکنین بۆ بەرکەوتووانی تووشبووانی کۆرۆنا، هەروەها لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە ژوورێکمان دابینکردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و هەفتەی دوو رۆژ سامپڵ وەردەگیرێت".

لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە قەزای شەقڵاوە ناوبراو وتی "بەداخەوە خەڵک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن، هەروەها بەهۆی هاتنی گەشتیاریش بۆ شەقڵاوە کە ناوچەیەکی گەشتیارییە ژمارەی تووشبووان بەو شێوەیە بەرزبووەتەوە".

محەمەد ئامۆکەیی وتیشی "ئەو تووشبووانەی لە ئێستادا لە نەخۆشخانەن تەنها دۆخی 15 کەسیان ناجێگیرە و لەژێر هەناسەدانی دەستکردان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan