کوردستانی

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوای ئەوەی ئەمڕۆ 11 ی ئابی 2020 لە هاوینەهەواری دووكان لە سلێمانی هەریەك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، "بڕیاردراوە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی نێوان هەردوولا بەزووترین كات ئەنجام بدرێت، هەروەها هەردوولا كۆكبون لەسەر جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی كە لە 4ی ئاداری 2019  واژۆ كراوە و لە هەموو رویەكەوە بەگشتی‌ و بەتایبەتی لە بابەتی پەرلەمان و حكومەت، بەشێوەیەك كە هاوكاری حكومەت و ئۆرگانەكانی بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو دۆخە تەندروستییەی كە پەتای كۆرۆنا دروستی كردووە و هەروەها باری ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان و باشتركردنی".


 دەقی راگەیەندراوەكە

راگەیاندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نيشتيمانى كوردستان

11ی ئابی 2020

 

رۆژی سێ شەممە، رێكەوتی 11ی ئابی 2020، شاندی تایبەتی گفتوگۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دووكان كۆبوونەوە و چەند تەوەرێكی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەردوولایان خستە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا. 

یەكەم/ هەردوولا كۆكبوین لەسەر جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی كە لە 4ی ئاداری 2019 یٔیمزاكراوە و لە هەموو رويەكەوه بەگشتی‌ و بەتایبەتی لە بابەتی پەرلەمان و حكومەت، بەشێوەیەك كە هاوكاری حكومەت و ئۆرگانەكانی بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو دۆخە تەندروستیەی كە پەتای كۆرۆنا دروستی كردووە و هەروەها باری ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان و باشتركردنی.

دووەم/ هەردوولا كۆك بووین لە پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حوكمڕانی لە سەرتاسەری كوردستان، بۆ ئەمەش بە پەسەند زانرا رێككەوتنی ئیداری نێوان هەردوولا جێبەجێبكرێت و هەروەها لە هەر شوێنێك گرفتێك بێتە پێش بە تەفاهوم و هاوكاری نێوان هەردوولا بە رەچاوكردنی لایەنه بەشدارەكانی دیكە لە حكومەت‌ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و هەروەها شۆڕكردنەوەی بۆ تەواوی دەڤەرەكان لە ئایندەدا.

سێیەم/ راگەیاندنی هەردوولا خۆیان بەدوربگرن لە شێوازی نووسین و بڵاوكردنەوەی گرژ و زبر لەهەموو جۆرە كەناڵەكانی راگەیاندن.

چوارەم/ هەردوولا كۆكبووین لە پەلەكردن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی ئەلف لە خاڵی شەشەمی رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی‌ تایبەت و پسۆڕ لە هەردوولا پێكدێت بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

پێنجەم/ سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بۆ هاوهەڵوێستی هەردوولا كۆكبووین كە دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هاوبەشی و بە راوێژ لەگەڵ تیمی هەردوولا لە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیراسەی بابەتەكە بكەن و پێشنیاری گونجاو بدەنە هەردوو مەكتەبی سیاسی.

شەشەم/ بۆ سودوەرگرتن لەكات و زوتر جێبەجێكردنی بڕیارەكان، بڕیاردرا كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو مەكتەبی سیاسی لە داهاتوویەكی نزیكدا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجامبدرێت.

یەكێتیی نيشتيمانى كوردستان                                                  پارتی دیموكراتی كوردستان


Qaiwan
Qaiwan