کوردستانی

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی رانیە قوربانی لێكەوتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


خۆپیشاندانی ئەمڕۆی رانیە قوربانی لێكەوتەوە
مەودا میدیا - سەركۆ جەمال

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاب لە بەشێك لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان بەڕێوەچوو، لە قەڵادزێ و رانیە گرژی و ئاڵۆزی كەوتووەتەوە، لە هەولێر و دهۆكیش رێگری لە خۆپیشاندان كرا.

بەپێی زانیارییەكان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرانەوە، لە خۆپێشاندانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆدا، سەرەڕای گرتنەبەری رێكاری ئەمنی،  لە سنووری ئیدارەی راپەرین خۆپێشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان و سووتاندیان، هەروەها خۆپێشاندەران گەیشتنە بەردەم ناوچەی پارتی و بەردبارانیان كرد، بەوهۆیەشەوە هونەر رەسوڵ پەیامنێری گەلی كوردستان دوای ئەوەی بەردێك بەر سنگی دەكەوێت تا دەبرێتە نەخۆشخانە نۆبەی دڵ لێیدەدات و گیان لەدەست دەدات. 

لەسەر داوای نەوەی نوێ ژمارەیەك خۆپێشاندەر لە پاركی ئازادیی سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و بڕیاریانداوە بەردەوامی بە خۆپێشاندان بدەن. لە كەلاریش خۆپێشاندان ئەنجامدرا، لە سنووری رانیە و قەڵادزێش بەهەمانشێوە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەڵام لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان كرد و چەند خۆپیشاندەرێكیش دەستگیركران.
Qaiwan
Qaiwan