راپۆرت

چی رێگرە لەرێككەوتنی هەرێم و بەغدا؟..عیراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چی رێگرە لەرێككەوتنی هەرێم و بەغدا؟..عیراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بنێرێت
مەودا میدیا - سەركۆ جەمال

بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا باس لەوە دەكەن باشترین چارەسەر ئەوەیە بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران بكرێتە سەر بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە هەوڵەكانیان كردووە، ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت،بەغدا گواستنەوەی موچە بۆ سەر حكومەتی عیراق بە یەكێك لە چارەسەرەكان دەزانێت، لەبەرامبەریشدا ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی عیراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێی وایە تا حكومەتی هەرێم رەزامەندی نیشان نەدات حكومەتی عیراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

هەرێم دەتوانێت دابەشكردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایەن بەغداوە رەتبكاتەوە
 عەباس فەتاح، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند " بەپێی دەستور هەرێمی كوردستان هەرێمێكی سەربەخۆیە، هەرێمیش دەتوانێت خۆی حكومەت و پەرلەمانی هەبێت، كەواتە بێگوومان حكومەتی عیراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم".
وتیشی " حكومەتی هەرێم دەتوانێت دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە رەتبكاتەوە هەركاتێك بیەوێت".

لە دەستووردا هیچ رێگرییەك نییە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە
لەلایەكی دیكەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە مەودا میدیای راگەیاند " لە دەستووردا هیچ رێگرییەك نییە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بەڵام هەرێم دەتوانێت رێگری دروست بكات، دەتوانێت بڵێت دەسەڵاتێكی ئیداری و داراییی و دادوەری سەربەخۆم، وە تەنانەت سیاسیش، ئەگەرنا هەرێم رازی بێت عیراق دەتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بدات".

ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی" یاسایەك هەیە لە عیراق پێی دەوترێت یاسای 22 ی ساڵی 2008 ئەم یاسایە هەموار بكرێت، یاخود یاسایەكی دیكە دابڕێژرێت، چونكە ئێستا لە عیراق بە یاسای ژمارە 22 كاردەكرێت كە تایبەتەبە مووچە، ئەگەر یاسایەكی دیكە دەربچێت و هەرێم رەزامەند بێت ئەوكات دەتوانرێت بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام عیراق خۆی بڵێت مووچە دەدەم بە فەرمانبەران هەرێم دەتوانێت رەتیكاتەوە، بەڵام ئەگەر لەرێگەی یاسایەكەوە بێت بواری ئەوە هەیە، لە خولی پێشووی پەرلەمان عیراق ئامادەیی دەربڕی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە بنێرێت، هەرچەندە حكومەتی هەرێم سەرەتا رازی بوو، بەڵام كاتێك بڕیاردرا پارەكە لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە دابەش بكرێت كە من خۆم لە نێواندا بووم، هەرێم ژێر بەژێر رێككەوتنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كرد و بڕیارەكە راگیرا".

بۆچی حكومەتی هەرێم نایەوێت لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت؟
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، بە مەودا میدیای وت" حكومەتی هەرێم بۆیە نایەوێت رێككەوتنی هەمیشەیی ئەنجام بدات لەگەڵ بەغدا، پێیان وایە تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە و ئەوكات حكومەتی عیراق ناچارە داواكارییەكانی هەرێم جێبەجێ بكات".
وتیشی "ئەو رێككەوتنانەی پێشتر هەرێم لەبواری نەوت دا كردوویەتی ئاڵۆزن ونایەوێت ووردەكارییەكانی بكەونە بەردەستی بەغدا، هەروەها ناشیەوێت خاڵە گومركی و داهاتەكانی ناوخۆی هەرێم لەلایەن بەغداوە چاودێری بكرێن".

پێشتر د.رێبوار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردبوەوە "بەغدا گواستنەوەی موچە بۆ سەر حكومەتی عیراق بە یەكێك لە چارەسەرەكان دەزانێ، ئەگەرچی تا دوێنێ شەو حكومەتی هەرێم رازی بوو نیوەی گومركەكانی هەرێم بداتە بەغداو رێگە بدا چەند فەرمانبەرێكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەكان بێنە نێو گومركەكانەوە بەپێی ماددەی (۱۱٤)ی دەستور، لەبەرامبەردا بەغدا بڕی (۳۲٠) ملیار دیناری دەدایە هەرێم، بەڵام ئەم بەیانیە حكومەتی هەرێم لەو رێگەپێدانەی بە نوێنەرانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەكان پەشیمان بویەوە. بەغداش بڕیاری دا پارە نەنێرێت".

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە "ئەگەر ئەم رێكەوتنە سەری بگرتایە بە ئاسانی موچە هەمو مانگێك بەبێ لێبڕین دەدرا، بەڵام پەشیمانبونەوەكەی حكومەتی هەرێم لە رێگرییەكانی بەغدا لە قاچاخچێتی گومركەكان ریسەكەی كردەوە بە خوری،چاوەڕێی رێكەوتن مەبن، تەنها گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا چارەسەرە، ئەوەش لە بەیاننامەكەی ئەمشەوی وەزارەتی دارایی عیراقدا هاتوە كە تیایدا دەڵێت دەیان هەزار ئیمزامان بۆ هاتوە بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێدانی لەڕێی ئەژماری بانكییەوە لەبەغداوە".
لە كۆتایی نوسینەكەشیدا د.رێبوار كەریم دەڵێت "ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ پرۆژەكەمان و هەمومان پێكەوە دەڕۆینە قۆناغێكیتر. بەمزوانەش هەنگاوی گەورەتر دەبینن، ئیتر بەسە دەبێ كێشەی موچە بەشێوەیەكی یەكجارەكی چارەسەر بكرێت، ئێوەش پشتگیریمان بكەن و بەردەوام بن لە ئیمزا كۆكردنەوەو ساردمەبنەوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان،  رایدەگەیەنێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی، ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، حكومەتی عیراقیش تۆمەتبار دەكات بەوەی سەرەڕای ئەوەی ئامادەی هەموو رێككەوتنێكن بەغدا ئامادە نییە مووچە بنێرێت، بەڵام حكومەتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا رەتیكردەوە ئامادەنەبێت مووچە بنێرێت، بەڵكو هۆكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە هەرێم ئامادە نییە پابەندییە دەستورییەكانی جێبەجێ بكات.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان