کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكدا باس لە پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكدا باس لە پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كودستانیشە، لە یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەیدا بە ئاماژەدان بە رۆڵی حیزبەكەی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق، جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و بەكردەییكردنی فیدراڵیزم دەكاتەوە.

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی بەو بۆنەیەوە پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە "بە شكۆوە یادی رابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانیی نەمر و تەواوی سەركرده و تێكۆشەرە دێرینەكانمان دەكەینەوە كە وەك زەروورەتێكی مێژوویی پارتییان دامەزراند و تا دواهەناسەیان لە كۆڕی خەبات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و رێباز و قوتابخانەیەكی خەباتیان بۆ كوردستان و نەوەكانی دوای خۆیان بەجێهێشت".
 جێگری سەرۆكی پارتی هەر لەو پەیامەدا دەڵێت  "پارتی لەپێناوی مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا دامەزراوە و خەباتی بۆ دیموكراسی و ئازادی و رێكخستنی سیستمی سیاسی كردووە كە لە سایەیدا كوردستان سەرفراز بێت".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێت "ئێستاش ئەركی پارتی و كادیرانیەتی لە رێگەی حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كار بۆ باشتركردنی ژیانی كوردستانییان و تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان بكەن، وەك هەمیشەش دەستپێشخەر و سەرمەشقی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەكاركردنی لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان بن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەو پەیامەیدا باس لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش دەكات و دەڵێت "جەخت لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری پارتی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ماف و شایستە‌ دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەكردەییكردنی فیدرالیزم دەكەینەوە"‌.
 
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی‌ جیهان، ناوچەكە، عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە دۆخێكی سەختدان دەشڵێت "دڵنیام بە خۆڕاگری و تێكۆشانیان ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنین و بە ئومێدەوە بەرەو ئایندەیەكی باشتر هەنگاو دەنێین". 

Qaiwan
Qaiwan