کوردستانی

كازمی لە كوردستان لیستی دەبێت و هاوپەیمانی نیشتمانی و بەرهەم ساڵح هاوكاریی دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


كازمی لە كوردستان لیستی دەبێت و هاوپەیمانی نیشتمانی و بەرهەم ساڵح هاوكاریی دەكەن
مەودا میدیا- كاروان رەسوڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختە پەرلەمانییەكەی عیراق لیستێكی فراوانی لەسەر ئاستی عیراق دەبێت و بەپێی زانیارییەكانی مەودا میدیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هاوپەیمانیی نیشتمانی لەنێو لیستەكەیدا دەبێت و سەرۆك كۆماری عیراقیش بەربژێرەكانی بۆ دیاری دەكات.

سەرچاوەیەكی تایبەت و ئاگادار و نزیك لە كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی لیستەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەودا میدیای وت "مستەفا كازمی سەرقاڵی پێكهێنانی لیستێكی فراوانە لەسەر ئاستی عیراق بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنە پێشوەختە پەرلەمانییەكەی عیراق".

ئەو سەرچاوەیە زانیاریی زیاتری لەسەر لیستەكەی كازمی خستەڕوو و رایگەیاند "تائێستا گفتوگۆكان بەردەوامن لەگەڵ حزبەكان، بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانی بەشێوەیەكی زارەكی رازی بووە بەشداریی لەو لیستەدا بكات و هێشتاش گفتوگۆكان بەردەوامن".

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكەی مەودا میدیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "نوێنەری خۆپیشاندەرانی عیراق لە لیستەكەی كازمیدا دەبێت لە زۆربەی شارەكانی كوردستان و عیراق".

لەبارەی ئەگەری ئەوەی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق بۆ پیكهێنانی ئەو لیستە پشتیوانی لە كازمی دەكات، ئەو سەرچاوەیە وتی "سەرۆك كۆمار بەشێوەیەكی راستەوخۆ  لەگەڵ كازمی لیستەكە پێكناهێنن، بەڵكو هاوكاریی مستەفا كازمی دەكات بۆ دیاریكردنی بەربژێرەكانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان".

مەودا میدیا پەیوەندیكرد بە جەلال ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریكردنی لەگەڵ لیستەكەی مستەفا كازمی، بەڵام ناوبراو وتی "لەئێستادا هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە ناكەین، لە داهاتوودا هەڵوێستمان دەبێت".

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق 6 حوزەیرانی 2021ی وەكو رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد، ئەوەش جێبەجێكردنی یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی عیراق بوو لە رابردوودا.

ك.ر
 

Qaiwan
Qaiwan