کوردستانی

سەرجەم رۆژەکانی هەفتە پشکنینی کۆرۆنا لەم نەخۆشخانەیە ئەنجام دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرجەم رۆژەکانی هەفتە پشکنینی کۆرۆنا لەم نەخۆشخانەیە ئەنجام دەدرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بە پشکنینی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت لە هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێژەی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا زیایکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد  تەنانەت رۆژانی هەینیش نەخۆشخانەکەمان کراوەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین.

سەرخێل ئاراز، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بە پشکنینی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێژەی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا زیادیکردووە، هەروەها لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی عەلی ناجی تەنها پشکنینی کۆرۆنا ناکرێت بەڵکو چەند بەشێکی دیکەش هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێک تایبەتە بە پشکنین بۆ ئەو کەسانەیە کە نیشانەیان هەیە دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لە تەندروستییان، هەروەها بەشێکی دیکەش پشکنینی کۆرۆنایە لەرێگەی لوتەوە، بەشێکی دیکەش پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە تووشبوون و چاکبوونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن پلازما ببەخشن".

سەرخێل ئاراز ئەوەشی خستەڕوو "کاتیك دەزانین کەسێک کۆرۆنایەتی و تەندروستی جێگیرە چارەسەر و رێنمایی پێویستی دەدەینێ و دەینێرینە ماڵەوە خۆی کەرەنتینە بکات، هەروەها ئەگەر کەسێکیش بزانین تەندروستی ناجێگیرە رەوانەی سەنتەرەکانی کۆرۆنای دەکەین".

لەبارەی ئەوەی لە هەفتەکەدا چەند رۆژ پشکنین ئەنجام دەدرێت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی وتی "ئێمە سەرجەم رۆژەکانی هەفتە سەرجەم پشکنینەکان ئەنجام دەدەین تەنانەت رۆژانی هەینیش نەخۆشخانەکەمان کراوەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین".

لە کۆتایشدا وتیشی "دوا لە هەر هاوڵاتییەک دەکەن کە تەندروستی باش نییە و یاخود بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ تووشبووان بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات و پشکنین ئەنجام بدات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan