کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی نوێی یەکێتی سیاسەتی حەکیمانە دەبێت لەسەر ئاستی ھەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی نوێی یەکێتی سیاسەتی حەکیمانە دەبێت لەسەر ئاستی ھەرێم
مەودا میدیا- 

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد سیاسەتی نوێی یەکێتی سیاسەتی حەکیمانە دەبێت و لەسەر ئاستی ھەرێم.

لەکۆبوونەوەدا، د.سۆران جەمال تاھیر لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان لەراپۆرتێکدا بەرچاوڕوونی دا لەبارەی شێوازو میکانیزمی نوێی کارکردنیان و رایگەیاند یەکێتی، یەکێتییەکی نوێیەو لەگەڵ ھەموو لایەنە ھەرێمی و ئیقلیمی و جیھانییەکان پەیوەندییەکانی پێشدەخات ئەمەش لەپێناو بەھێزی پێگەی ھەرێم و بەرژەوەندییەباڵاکانی گەلەکەمان تەئکیدیشی لە بەردەوامی و فراوانترکردنی پەیوەندییەکان کردەوە لەگەڵ سۆسیال ئینتەرناسیۆنال و ھاوپەیمانی پێشکەوتنخواز کە یەکێتی ئەندامی چالاک و کاریگەرە لەو رێکخراوانە.

دواتر بافڵ تاڵەبانی سیاسەتی نوێی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان خستەڕوو  و  ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی جیاجیا کە لەخزمەت بەرژەوەندی گشتیدا بێت و ئاشکرایکرد "سیاسەتی نوێی یەکێتی سیاسەتی حەکیمانە دەبێت لەسەر ئاستی ھەرێم، ھەموو خەمێکمان بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت، بۆ بەغداش لەگەڵ سیاسەتی شەراکەت و ھاوسەنگین کە دەستوور بنەمای بێت، کێشەکان چارەسەردەکەین و پەیوەندییەکان رێکدەخەینەوە، بۆ دونیای دەرەوەش ھەموو ھەوڵێکی دبلۆماتی دەخەینەگەڕ، بۆ پشتیوانیکردن لەبەرژەوەندییە نیشتمانییەکان".

هاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند "یەکێتی پەیوەندییەکی دۆستانەو تەندروستی لەگەڵ ھەموواندا ھەیە و بە پشتبەستوو بەمێژووی و خەبات و رۆڵی، ھیچ بڕیارێک و جوڵەسیاسییەک، بەبێ یەکێتی نادرێت و ناکرێت".

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هاوسەرۆکی یەکێتی تیشکی خستەسەر دواین هەوڵەکانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کورد و حکومڕانییەکی باشتر بەشێوەیەک ببێتە مایەی سەقامگیری و ئارامی سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی زیاتر، ووتیشی ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتمان روو لە سیاسەتێکی نیشتمانی و هاوسەنگە بۆ هەموو جومگە سیاسییەکان، پاشان گفتوگۆی ھەڤاڵانە بەڕێوەچوو و چەندین بۆچوون خرانەڕوو بەرچاو روونیدرا لەبارەیانەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan