کوردستانی

پرۆژەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆژەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن نزیکدەبێتەوە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین کێشەی دروستکردووە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی خوێندندا، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت ئەوان ەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پرۆژەیەکمان ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ مەودا میدیا دواو وتی "ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پرۆژەیەکمان ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بۆ ئەو مەبەستەش سبەینێ کۆبوونەوەی مەکتەبی سکرتارییەتمان هەیە لە شاری هەولێر بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە و ئامادەکردنی بەتەواوەتی بۆ ئەوەی پێشکەشی وەزارەتی پەروردەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکەین".

لەبارەی پرۆژەکەوە ئاماژەی بەوەکرد "کۆمەڵێک پێشنیازمان ئامادەکردووە ئەوانیش، یەکەم کار پاکردنەوەی ژینگەی خوێندنگاکان و دەرمانرێژکردنیان بێت، هەروەها رێنمایی تایبەت بدرێت بە بەڕێوبەرەکانی خوێندنگا و کەسوکاری خوێندکاران، بۆئەوەی هۆشیاییەکی تەواوەتی لەبەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستببێت".

لەبارەی شێوازی دەوامکردنی خوێندکاران عەتا ئەحمەد رایگەیاند "باشترین رێگە ئەوەیە دەوام بە تناوب بێت بۆ نمونە، لە پۆلی خوێندنگایەک 30 خوێندکاری تێدا بێت 15ی سێ رۆژ دەوام بکەن لە هەفتەیەکدا 15ی دیکەش سێ رۆژەکەی تر دەوام بکەن، ئەمەش ناچارییە تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".

وتیشی "پێشنیازێکی دیکەمان ئەوەیە کە مووچە و گوزەرانی مامۆستا باشتر بکرێت، چونکە هەر پرۆژەیەکی خوێندن دابنرێت تا مامۆستا پشتیوانی نەکات سەرکەوتوو نابێت، بۆیە ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش نەکرێت کێشە بۆ دەوامی خوێندگاکان دروست دەبێت".

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو "کردنەوەی دەوام بە هەرشێوەیەک بێت وەزارەتی تەندروستی دەبێت رۆڵی هەبێت لە بڕیارەکە، هەروەها دوامان کردووە لە خوێندنگاکان گەرمی پێو هەبێت بۆ ئەوەی خوێندکاران کەدێن لەکاتی دەوامدا ئەو پشکنینی گەرمیان بۆ ئەنجام بدرێت"، باسی لەوەشکرد "دەبێت کەسوکاری خوێندکار وشیار بن لەوەی کە منداڵەکانیان هەر حاڵەت و نیشانەیەکی کۆرۆنایان هەیە خوێندنگاکەی ئاگادار بکاتەوە".

سەبارەت بە خوێندنی ئەلکترۆنی تیشی خستەسەر ئەوەی "خوێندنی ئەلکترۆنی نابێتە جێگرەوەی خوێندنی ئەکادیمی لە پۆلدا، بەڵام دەکرێت وەک هاوکاربێت لە نێوان خوێندکار و مامۆستا لەگەڵ کردنی دەوامدا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ خوێندنی ساڵی نوێ لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن.

س.س
Qaiwan
Qaiwan