کوردستانی

پارتی: لە هەڵەبجە تەنها هێرش كراوەتە سەر بارەگای ئێمە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی: لە هەڵەبجە تەنها هێرش كراوەتە سەر بارەگای ئێمە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەرپرسێكی پارتی رایدەگەیەنێت " لە هەڵەبجە تەنها هێرش كراوەتە سەر بارەگاكەی ئەوان و هیچ بارەگایەكی دیكەی حزبی هێرشی نەكراوەتەسەر، دەشڵێت بۆ پاراستنی خۆیان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا كردووە".

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دوای كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجە دوای هێرشكردنە سەر هاتووچۆ و قایمقامیەت و شارەوانی، ئاراستەی خۆپیشاندانەكە بەرەو لقی 12 جوڵێندرا، هێرش كرایە سەر بارەگاكەمان".

وتیشی "هیچ بارەگایەكی دیكەی حزبی لەم شارە جگە لە بارەگاكەی ئێمە هێرشی نەكراوەتەسەر، سەرەتای هێرشەكە سەرجەم هەڤاڵانی لقم ئاگادار كردەوە كۆنترۆڵی خۆیان بكەن، تا ئەو كاتەی 11 و چارەك لەرێگەی ماتۆڕ سوارێكەوە تەقە لە لق كرا، لەكاتژمێر 12 هێرشی چەكداری كرایە سەر لقەكەمان و نزیك بوونەوە بێنە ناو لق، بۆیە بەناچاری پاسەوانەكانی لقی 12 تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا كرد بۆ بڵاوەپێكردنیان، بەڵگەشمان ئەوەیە كە هیچ كەسێك بریندار نەبوو".

بەرپرسی لقی 12 ی پارتی وتیشی "لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەممانەوە هاتن تا بارودۆخەكە لەدەست دەرنەچێت و خوێنی تێدا نەرژێت، هێرش بۆسەر بارەگاكەمان جێی سەرنج بوو، داوا لەسەرجەم دامودەزگاكانی سنوورەكە دەكەم تەقەكەرانی دوێنێ شەو بۆسەر دامودەزگاكانی حكومەت و بارەگاكەی ئێمە بدۆزرێنەوە و رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر".

Qaiwan
Qaiwan