کوردستانی

هەڵمەتێكی خۆپارێزی لە سلێمانی دەستپێدەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵمەتێكی خۆپارێزی لە سلێمانی دەستپێدەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی پزیشكانی عیراقی و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵی و بە پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی، هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەكات.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بەمەودا میدیای راگەیاند" ئەمڕۆ هەڵمەتەكە لە ژێر ناوی (هەڵمەتی نیشتمانی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا) دەست پێدەكات، كە نۆ رۆژ دەخایەنێت و تێیدا (300) هەزار دەمامكی پاكژكراو دابەشدەكرێت".

وتیشی  "هەڵمەتەكە حەوت رۆژ لەناو شاری سلێمانی و لە حەوت گەڕەك بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژەكەی دیكەش لە كامپی كەلار و كامپی ئاشتی لە عەربەت بۆ ئاوارەكان ئەنجام دەدرێت".

وەك پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی پێدەكات "هەڵمەتەكە لەرێگەی چەند ئۆتۆمبێلێكی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت، كە شاشەی دیجیتاڵی لەسەرە و لەرێگەی دەنگ و رەنگەوە بە گەڕەكەكاندا دەسوڕێنەوە و بیری هاوڵاتیانی دەهێننەوە كە تائێستا مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە بەردەوامە، بۆیە پێویستە هەموان خۆپارێزی بكەن".

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد "ئەو هەڵمەتە هەنگاوێكە بۆ ئاسایكردنەوەی ژیان لەژێر چەتری خۆپارێزی و جێبەجێكردنی رێنماییەكان و هەنگاوێكیشە بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندە پەروەردەیی و زانكۆییەكان دەستپێبكەنەوە".


Qaiwan
Qaiwan