کوردستانی

رێكخراوێكی مافی مرۆڤ : لەماوەی مانگێكدا 18 كۆڵبەر كوژراون و برینداركراون

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێكخراوێكی مافی مرۆڤ : لەماوەی مانگێكدا 18 كۆڵبەر كوژراون و برینداركراون
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەپێی ئامارێك كە تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، لە ماوەی یەك مانگدا لانیكەم، 18 كۆڵبەر لەلایەن سەربازان و هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە  كوژراون و برینداركراون.

بە گوێرەی هەواڵەكە، "لە ماوەی یەك مانگدا، چوار كۆڵبەر بە ناوەكانی (وەزیر محەممەدی، رەزا پورئیسماعیل، هادی خدری و سیراج ئەحمەدی)، لە لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگاكانی (ئورمیە، سنە و كرماشان) بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون، هەروەها كۆڵبەرێكیش بەناوی  (خالید غەفوری) بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە".

هەر بەپێی ئامارەكەی مانگی رابردووی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، "دوو كۆڵبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەكانی نەوسود سەربە پارێزگای كرماشان، ئەشكەنجە دراون و برینداركراون، هەروەها باسی ئەوەش كراوە كە دوو كۆڵبەری مێردمنداڵ بە ناوەكانی (موبین حسەینی و ئارمین ئەحمەدی)، لەناو ئەو كۆڵبەرانەدان كە لەم ماوەیەدا لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە برینداركراون".

لە ئامارەكەدا هاتووە "چوار كۆڵبەر بە ناوەكانی (شەهریار پورعەلی، پەرویز محەمەدی، سامی محەمەدی و جەعفەر محەمەدی) لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون".

وەك رێكخراوی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاماژەی پێداوە " چوار كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون، كۆڵبەرێك بە رووداوی هاتوچۆ لە كاتی كۆڵبەریدا گیانی لەدەستداوە و 13 كۆڵبەری دیكەش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی سێ پارێزگای  (ئورمیە، سنە و كرماشان) لە رۆژهەڵاتی كوردستان، برینداركراون".

Qaiwan
Qaiwan