جیهانی
کچی ئاو کێیە و بۆ ئەو ناوەی لێنرا؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- دێرین رەسوڵ
17ی ئەم مانگە، کچێکی بچوک لەلایەن نیشان شکێنێکی حوسییەکانەوە کرایە ئامانج و رووبەڕووی مردن کرایەوە, ئەو منداڵە، کەناوی روەیدا ساڵحە و تەمەن 8 ساڵانە و خەڵكی شاری(تەعز)ە، لەوڵاتی یەمەن و 17ی ئەم مانگە لەگەڵ برا گەورەکەی بەناوی (عومەر ساڵح) لەگەڕەکی رەودا لە رۆژهەڵاتی شاری تەعز، کاتێک بەدەبەیەكی 20 لیتریەوە سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوای ئاوی خواردنەوەدا، لەلایەن نیشان شکێنێکی سەربە هێزە چەکدارەکانی حوسییەوە، کەلەلایەن وڵاتی ئێرانەوە پشتیوانیان دەکرێت، کرایە ئاماج و فیشەكێك بەر سەری کەوت و بەسەختی زامدارکرا و تووشی خوێن بەربوون بوو.
مەترسی ناوچەکە بەجۆرێک بوو هیچ کەسێک لەو کاتەدا ئامادە نەبووە فریای (روەیدا) بکەوێت و رزگاری بکات، بۆیە ناچار عومەری برای ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، خوشكە بچوكەكەی رادەكێشێت تا رزگاری بكات، پاشان داوا لەخەڵكی گەڕەكەكەی دەكات تاوەکو هاوکاری خوشکەکەی بکەن و لەلایەن خەڵکی ئەو گەڕەکەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، پاش ٥ كاتژمێر لە ژووری نەشتەرگەری، (روەیدا) ژیانی بۆ گەڕایەوە.
وێنەکەی رەویدا کە لە رۆخی شەقامێکی گەڕەکی ڕەودا کەوتووە، لەسۆشیاڵ میدیای عەرەبی دا دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو ڕووداوە ئیدانە و شەرمەزارکرا و لایەنی ئەنجامدەری ئەو کارەش بەوە تۆمەتبارکرا، کەهیچ رێزێک لەمافەکانی منداڵ ناگرن و مافەکانیان دەخەنە ژێر قاچەکانیانەوە و لەهەمان کاتیش دا نازناوی (کچی ئاو)یان بەخشی بە(روەیدا).
لەسەر ئەو رووداوە، محەمەد ئەریانی وەزیری راگەیاندنی یەمەن هاتە دەنگ و ڕووداوەکەی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە چیرۆكی روەیدا، بەسەرهاتی دەیان هەزار منداڵ و ژنی شارەكەیە، كە لەلایەن حوسیەكانی سەربە ئێران رووبەروویان دەبێتەوە.
وەزیرەکەی یەمەن ڕووی قسەکانی کردە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وتی "كوا ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری یەمەن لە یوئێن و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ".
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵا ساڵح سەرۆکی یەمەن لەنەورۆزی ساڵی 2011وە جەنگی ناوخۆیی لەیەمەن سەری هەڵداوە لەنێوان حوسییەکان بەپشتیوانی ئێران و حکومەتی نوێی یەمەن، کەلەدوای وازهێنانی عەلی عەبدوڵا ساڵحەوە هاتۆتە سەرحوکم، بەپشتیوانی سعودیە و ژمارەیەک وڵاتانی تری عەرەبی و تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە و لەو ماوەیەشدا سەدەها هەزار کەس لەسەرباز و چەکدار و هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی لەهەردوولا.
س.س
س.س