ئابووری

بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكان لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپییەوە روونكردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكان لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپییەوە روونكردنەوە دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی رایگەیاند، بە نوسراوێك داوایان لە حكومەتی عیراق كردووە نەوتی سپی بنێرێت تا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بكەن، نرخی نەوتیش لەبازاڕەكان بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان 100 هەزاری تێپەڕاندووە.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ساڵی پار نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراوە، بۆ ئەمساڵیش جارێ زووە، حكومەتی هەرێم نەوتی نییە ئەوەی دێت حكومەتی عیراق دەینێرێت".

وتیشی "نوسراومان بۆ وەزارەتی نەوتی عیراق كردووە كە نەوت بنێرن تا دابەشی بكەین، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبەرواری 4/9/2019 كۆبووەوە، كە تێیدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپارد، كە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت، كە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەستپێبكرێت.

نزیكی ساڵێك بەسەر ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕیوە، وەرزی پاییز و زستان و بەهار تێپەڕی و وا هاوینیش تەواوبوو هێشتا ئەو بەرمیلە نەوتە دابەشنەكراوە.

لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی 100 هەزاری تێپەڕاندووە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری وەرزی زستانیش پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەكەی دەكرێت.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی پشتی بەحكومەتی عیراق بەستووە، لەناوەڕاستی وەرزی پاییز تاكو دەگاتە بەهار هاوڵاتییان پێویستییان بەنەوت هەیە.


Qaiwan
Qaiwan