کوردستانی

یەبەشە لەبارەی بۆردوومانی گوندێكی شەنگال روونكردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەبەشە لەبارەی بۆردوومانی گوندێكی شەنگال روونكردنەوە دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەمشەو فڕۆكەكانی توركیا گوندی بەهراڤیایان لە كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە شەنگال بۆردوومان كرد، هەرچەندە تائێستا زیانەكان نەزانراون، بەڵام یەكینەكانی پاراستنی شەنگال لەوبارەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و رایدەگەیەنێت بەمدواییە جموجۆڵی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لەناوچەكە زیادیكردووە.

بەپێی زانیارییەكان فڕۆكەكانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردووەتەوە ئامانج و تاوەكو ئێستا زیانەكانی بۆردوومانەكە نەزانراون. 

لەوبارەیەوە، فەرماندارێتی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) دەربارەی جموجۆڵی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە، كە تیایدا هاتووە "وەك زانراوە، پێشتر دەوڵەتی توركیا بە فڕۆكە و چەكی بێ فڕۆكە (SIHA) چەندین جار هێرشی كردە سەر هێزەكانمان لە دوایین جاردا لە 15ی حوزەیراندا، فڕۆكە جەنگییەكان هێرشێكی بەرفراوانیان كرد، لەم دواییانەدا جموجۆڵێكی بێ سەروبەری فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە ئاسماندا بێ وچان بەردەوامە و شەڕڤانانی ئێمە دەكەنە ئامانج، ئەمڕۆش لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ئێوارەدا هێرشێك كرا، دەربارەی ئەو هێرشەی دەوڵەتی توركیا دواتر زانیاری ورد بڵاودەكەینەوە".

هێزەكانی توركیا بە قووڵایی 30 بو 45 كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە و بەهۆی ئەو ئوپەراسیۆنانەوە تەنها لە پارێزگای دهۆك شەش كەسی مەدەنی شەهیدكراون و پێنج گوندی سنووری ناحیەكانی باتیفا و دەركار لە سنووری زاخۆ چۆڵكراون و زیانی ماددی بەر دەیان هاووڵاتی ئەو ناوچانە كەوتووە.


Qaiwan
Qaiwan