کوردستانی

پۆلیسی هەولێر هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی دەرۆزەكەرەكان دەستپێدەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی هەولێر هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی دەرۆزەكەرەكان دەستپێدەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

پۆلیسی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی دەرۆزەكەرەكان دەستپێكردووە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت 68 دەرۆزەكەریان دەستگیركردووە و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند "بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی پۆلیسی رێككاری، لە سەرشەقام و شوێنە گشتییەكان و ناوبازاڕ و ترافیك لایتەكان، هەڵمەتێكیان دەست پێكرد و ژمارەیەكی زۆر دەرۆزەكەریان دەستگیر كرد كە ژمارەیان 68 كەسە، كە لەو شوێنانە داوای پارە و خێریان لە خەڵك دەكرد و ببوونە مایەی بێزاری بۆ هاووڵاتیان".

هۆگر عەزیز وتیشی "دیاردەی دەرۆزەكردن، دیاردەیەكی ناشیرینە و سیمای شار دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بنبڕ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتەكە لە سەرجەم شوێن و شەقامەكانی ناوشار و دەرەوەی شاریش بەردەوام دەبێت".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەشدەكات  "هەموو دەرۆزەكەرەكان بەپێی ماددە (390) لە یاسای سزادان، لە زینداندا راگیراون".

Qaiwan
Qaiwan