کوردستانی

ھەوڵی چارەسەری گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ھەوڵی چارەسەری گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان دەدرێت
مەودا میدیا-

لە سلێمانی ھەوڵی چارەسەر گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان دەدرێت و رێگری تەواو دەکرێت لە ھێنانی دەرمان بەڕێگەی قاچاغ و فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و ساختە، قایمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش رایدەگەیەنن ھەر کۆگا و دەرمانخانە و کۆمپانیایەکی بواری دەرمان پابەند نەبن بە مەرج و رێنماییەکان بەپێی یاسا رووبەرووی رێکاری توند دەکرێتەوە،کۆمپانیاکانی بواری دەرمانیش لە سلێمانی داوا دەکەن کوالیتی کۆنتڕۆڵی ھەرێم کارئاسانی پێویستیان بۆ بکەن و لەماوەیەکی کەمدا وەڵامی پشکنینەکان بدەنەوە،

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-8 لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ کۆگاو کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەربارەی پڕۆسەی ھێنان و ساغکردنەوەی دەرمان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، لەکۆبوونەوەکەدا گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان تاوتێکران و جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە لە دەروازە سنورییەکان پشکنینی دەرمان توندتر بکرێنەوەو تەنیا رێگە بە ھاوردەکردنی ئەو دەرمانانە بدرێت کە بە مەرج و رێنماییەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕ دەبێت ، بەھەموو شێوەیەکیش رێگری لە ھاتنەناوەوەی قاچاغی ھەموو جۆرە دەرمانێک بکرێت و ھەر دەمانێک لە دەرمانخانەکان ببینرێت کە مۆڵەتی رێگەپێدانی نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر ، مەرجە ھەموو دەرمانێک کە لە سنورەکانەوە دەھێنرێتە ناوەوەی ھەرێمی کوردستان لە کۆگاکان تا ئەو کاتەی دەگاتە دەرمانخانەکان بە ئوتومبێلی فێنک کەرەوە «بەراد» بگوازرێتەوە، 

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی دەرمان لە سلێمانی ئاماژەیان بەو گرفت و بەربەستانەکرد کە لە ھێنان و مۆڵەتپێدانی دەرمان لە لایەن کوالیتی کۆنتڕۆڵی ھەرێم دێتە بەردەم کارەکانیان ، داواشیان کرد لەم رووەوە کارئاسانی پێویستیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ گرفت پێداویستی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی دابین بکەن.

ئاوات محەمە، قایمقامی سلێمانی رایگەیاند "مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان پرسێکی نیشتیمانییەو پەیوەندیدارە بە ژیان و تەندروستی ھاوڵاتیان و ھەر سەرپێچی و پابەند نەبونێک زیانی گەورەی بۆ سەر تەندروستی گشتی دەبێت لەسەر ئەم بنەماییە رێگری لە ھەموو کارێکی ناتاسایی دەکرێت کە زیان بە تەندروستی ھاوڵاتیان بگەیەنێت"، راشیگەیاند "لە چوارچێوەی رێکارەکان ھەموو کارئاسانیەک بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەکرێت و پێویستە کوالیتی کۆنتڕۆڵی ھەرێم بە ئەرکی خۆ ھەستێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکان وەک یەک کارئاسانی  بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان بکات".

وتیشی "ئەو نمونانەی کە بۆ پشکنین وەردەگیرێن پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا وەڵام بدرێنەوە چونکە ھەندێک جار دوای ماوەیەکی زۆر وەڵام دەدرێنەوە ئەمە گرفتی گەورەی بۆ کۆمپامپانیاکانی بواری دەرمان دروست کردووە رەنگە بەشێک لەو دەرمانانە مێژووی بەسەرچونیان نزیک ببێتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش رایگەیاند "بەووردی کار لەسەر ئەم کەیسە دەکەین و لە ھەوڵی چارەسەرکردنی ھەموو گرفت و کێشەکانی بواری دەرمانین لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رێکارەکان بەردەوام بن و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی باڵا بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەو گرفتەکانی بواری دەرمان لە سلێمانی".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب