کوردستانی

هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم ئاسایی دەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم ئاسایی دەبێتەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت لە هەرێم هاتنی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیاریەكان و نێوانی پارێزگاكان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، باس لەوەشدەكات سلێمانی زووتر فریای خۆی كەوت و گەشتیار رووی تێكرد.

نادر رۆستی، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە لێدوانێكدا بۆ مەودا میدیا وتی"لەهەموو هەرێمی كوردستان شوێنە گەشتیارییەكان كراونەتەوە بەڵام بەرێژەی جیاواز هاتوچۆ بە گەرم و گوڕی هەیە، بۆ نمونە لە سنووری سلێمانی و هەولێر گەرموگوڕیەكە زۆرترە".

وتیشی "سلێمانی پێش هەموو شوێنەكان دێت بۆ رووتێكردنی گەشتیار هەروەها هەڵەبجەش گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكات، بەپلەی دووەم هەولێرە دوای ئەوە سنووری دهۆك، ئەو شوێنانەی دیكەش وردە وردە ئاسایی دەبنەوە، سلێمانی زووتر فریای ئەو بابەتە كەوت زووتر كەوتە سەرپێ".

وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم وتیشی"لە دهۆكیش بۆ گەشتیاری ناوخۆیی ئاسایی بووەتەوە بەڵام بۆ گەشتیاری دەرەوەی پارێزگای دهۆك هەندێك مەرج و شت هەیە، رۆژانی داهاتوو ئەوێش ئاسایی دەبێتەوە".

لە هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 118 ناوچەی گەشتیاریی تۆماركراون. ساڵی رابردوو ریكۆردی 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار تۆماركرا. نزیكەی سی هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان كار لەو كەرتەدا دەكەن و كۆرۆنا ئەمساڵ زیانی 150 ملیۆن دۆلاری بەم كەرتە ئابوورییە گەیاندووە.

Qaiwan
Qaiwan