کوردستانی

هەرێمی كوردستان 500 مێگاوات كارەبا دەداتە عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێمی كوردستان 500 مێگاوات كارەبا دەداتە عیراق
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزیری كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت لە 28ی مانگی رابردووەوە هەرێمی كوردستان 500 مێگاوات كارەبای زیادە بۆ عیراق دابیندەكات، لەبەرانبەریشدا حكومەتی عیراق پارە دەداتە دوو كۆمپانیای هەرێم و سوتەمەنیش بۆ وێستگەكان دابین دەكات.

لە راگەیەندراوێكدا كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "بە كۆی گشتی 500 مێگاوات كارەبای زیادە بۆ عیراق دابیندەكرێت ، لە رێكەوتی 28ی تەمموزی ئەمساڵەوە، لەرێگەی هەردوو كۆمپانیای كار و قەیوانەوە، ئەو بڕە لە كارەبای نێردراو بۆ عیراق زیادكراوە".

كەمال محەمەد ساڵح  ئاماژە بەوەشدەكات "حكومەتی عیراق لە بەرانبەردا پارەی ئەو بڕە كارەبایە دەداتە هەردوو كۆمپانیای كار و قەیوان و سوتەمەنی پێویستیش بۆ ئەو بڕە زیادەیە دابیندەكات".

وەزیری كارەبای هەرێم  ئەوەشی خستووەتەڕوو "كۆی گشتی ئەو ٥٠٠ مێگاواتەی دەدرێتە تۆڕی نیشتیمانی عێراق لە ژمارەیەك یەكەی وێستگەكان بەرهەمدەهێندرێت كە پێشتر بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی پێویستەوە لەكار وەستابوون".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وەزیری كارەبای هەرێم دەشڵێت "بەرهەمهێنان و ناردنی ئەو بڕە زیادەیەی كارەبا لە هەرێمەوە بۆ عیراق، كاریگەریی نابێت لەسەر ژمارەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بۆ هاونیشتیمانیان لە هەرێم".

Qaiwan
Qaiwan