کوردستانی

پەكەكە: چاوەڕێی وەڵامی پارتیین

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەكەكە: چاوەڕێی وەڵامی پارتیین
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

موراد قەرەیلان، بەرپرسی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" كە باڵی سەربازی پەكەكەیە لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی وڵات دەڵێت "ئەو سیاسەتەی پارتی دیموكرانی كوردستان دەیكات هەڵەیە، هەروەها هەرچەندە پارتی لە رێگەی رێكخراوەكانەوە بەیاننامەی دەربارەی پەیامی كەجەكە دەركرد، بەڵام كەجەكە ئەو پەیامانە بە فەرمی نازانێت و چاوەڕێی وەڵامی بەرپرسانی پارتین".

قەرەیلان لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان و "هاوكارییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان" بۆ ئەو هەوڵە داگیركەرییەی توركیا باسی لەراگەیاندراوی هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە  كرد و وتی "لەو راگەیاندراوەدا خاڵی دەستنیشانكراوی گرنگ هەیە، هەم هۆشدارین و هەم بانگەوازن بۆ چارەسەریی، یانی ئەو دۆخەی كە ئێستا هەیە شیكاریی بۆ كراوە و رێگاچارەشی بۆ دەستنیشان كراوە، بەڵام  بەرپرسانی پارتی تاوەكو ئێستا وەڵامی ئەو راگەیاندراوەیان نەداوەتەوە، ئێمە چاوەڕێی وەڵامین".

ئەو فەرماندە باڵایەی پەكەكە ئەوەشی خستەڕوو "كێشەكان گرنگ و جدین لەسەر جوگرافیای كوردستان گەمەی قووڵ بەڕێوەدەچێت، واتا ئەو بابەتە شتێكی وا سادە و ئاسایی نییە، باشە ئەوەی كێشەكانی نێوان كوردان قووڵ و قورس دەكاتەوە و رێگرە لە بەردەم چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێك نییە لەو سیاسەتە قووڵە؟، واتا دەبێت بەرفراوانتر لێكبدرێتەوە، دەبێت نزیكایەتیی تاكتیكی نەكرێت، پێویستی بە نزیكایەتیی ستراتیژییانە هەیە".

لە بەردەوامیدا، قەرەیلان دەڵێت   "گرنگە بەرپرسانی پارتی بیر لەو بابەتانە بكەنەوە، لەم كاتە مێژوویییە گرنگەدا، كە كورد بە بانگەشەیەكی گەورە چووەتە سەر تەختە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، دۆخێكی زۆر جدییە، كە  پارتی ببێتە بەشێك لە پیلانەكانی توركیا بۆ پاكتاوكردنی پەكەكە و هاوكاریی دەوڵەتی توركیا بكات، هەر وەك خواجە نەسرەدین دەڵێت ئەوە برینی گولی و داری گولییە، بۆیە سیاسەتی بەو شێوەیە راست و دروست نییە، ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پارتی شتی زۆر مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت".

قەرەیلان لەكۆتایی قسەكانیدا روونیكردووەتەوە   "پارتی دیموكراتی كوردستان- تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی قسەكانیانی نەداوەتەوە و ئێمە هێشتا چاوەڕێی وەڵامین، لە هەندێك لە دەزگاكانی خوارەوەیان دەقی وەڵامەكان بڵاو كرایەوە، ئەمە وەڵام نییە و چارەسەرییەكان بەم شێوەیە پێشناكەون، بە دڵنیاییەوە دەبێت بە گوێرەی ئەوە هەڵوێست نیشانبدرێت".


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە