راپۆرت

فەرەنسا مێژوو و پرسی كورد دەخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەرەنسا مێژوو و پرسی كورد دەخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

فەرەنسا وانەیەك سەبارەت بە مێژووی كورد و كێشەی كورد دەخاتە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 11 ی  ئامادەیی. وانەكە لە كتێبی مێژوو و جوگرافیادا دانراوە، ناونیشانی وانەكەش "كورد نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت"ە.

لە دەقی نووسراوی ئەو وانەیەدا هاتووە  "كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهان و ژمارەیان نزیكەی 40 ملیۆن كەسە و زۆرینەیان سەر بە مەزهەبی سوننەی ئیسلامن.
لە وانەكەدا باس لەوەشكراوە " یەك سەدەیە بەشێك لە كورد لەپێناو كوردستانێكی سەربەخۆ تێدەكۆشن و ئەو دەوڵەتانەی بەشێكی كوردستانیان بەركەوتووە دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە، بەڵام رووخانی رژێمی سەدام و هەرەسهێنانی سوریا هیواكانی بۆ دروستبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ زیندووكردەوە".
 لە بڕگەیەكی دیكەی وانەكەدا پرسیارێك كراوە " ئایا ململانێیەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبنە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی؟".

رۆڵی پێشمەرگە لە وانەكەدا باسكراوە
لە بڕگەیەكی دیكەدا باسی رۆڵی هێزە كوردییەكان دەكات لە تێكشكاندنی داعش و تێیدا باسی رۆڵی پێشمەرگە كراوە و نووسراوە "واتای پێشمەرگە لە زمانی كوردی دا واتە ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، هێزەكانی پێشمەرگە هەمان دۆخی سەربازەكانی عیراقیان هەیە، ئەوەشیان دوای شەڕكردن دژی سەدام حوسێن و شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەدەستهێنا، ئەو یەكانە لە ساڵی 1920 ەوە دامەزراون و ئێستا ژمارەیان نزیكەی 350 هەزار جەنگاوەرە".

 باسی ئەردۆغان و كوردانی رۆژئاواش كراوە
هەروەها لە وانەكەدا باسی بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كراوە، ئەو بڕیارەی بە رەزامەندی ترەمپ درا لە نۆی ئوكتۆبەری 2019 بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، هەروەها شەڕی داعشی بە سەرەتای هاوكاری نێوان ئەمەریكا و كوردی رۆژئاوا داناوە لە سوریا.
لە وانەكەدا دەڵێـت ئەوە سەرەتای داگیركاری توركیا بوو بۆ وڵاتی كوردان لە سوریا، لەو بەشەی وانەكەدا نووسراوە "لە نۆی ئوكتۆبەری 2019، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە رەزامەندی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هێرشێكی سەربازیی دژی كورد لە سوریا دەستپێكرد، ئەوەش كۆتایی هاوكاریی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كوردانی  سوریا بوو، ئەو هاوكاریەی ئۆپەراسیۆنی دژی سەرۆكی دەوڵەتی ئیسلامی بایەخەكەی نیشاندا و هەروەها سەرەتای داگیركاریی توركیا بوو بۆ وڵاتی كوردان لە سووریا. دوای تۆپباران، سوپای توركی تانكەكانی و خاكی دایە دەست بریكارەكانی ،ئەو گرووپە چەكدارانەش  بەزۆری بریتی بوون لە چەقۆكێش یانیش جیهادی یاخود چەقۆكێش و جیهادی لە یەك كاتدا لەو عەرەبە سوننانە پێكهاتوون كە رقیان لە كورد و كریستیانەكانە، ئەوانە پێشتریش چەكداری لقی ناوخۆیی رێكخراوی قاعیدە بوون، تەنانەت چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی بوون و لە خزمەتی سوپای توركیادا بوون".

باس لە عەفرینیش دەكات
هەروەها بڕگەیەكی وانەكە باسی عەفرین دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و نووسراوە " ناتوانین بڵێین ئاگادار نین، لە ئاداری 2018ەوە، سوپای توركیا ناوچە و شاری عەفرینی زۆرینە كوردنشینی داگیركردووە، ئەو ناوچەیەش دراوەتە دەست گرووپە جیهادیەكان  كە مافی بردنی هەموو شتە دەستبەسەركراوەكانیان هەیە،چەكدارانی ئەو میلیشیایانە ماڵ و زۆر لە دووكانەكانی كوردیان تاڵانكردن. دەستیانكرد بە رفاندن بۆ فیدیە وەرگرتن و كوشتنی بەكۆمەڵیان ئەنجامدا بەبێ هیچ دادگاییكردنێك، دانیشتووانی كورد رایانكرد 130 هەزار كەسیان فڕێدرانە سەر شەقامەكان، ئەوەش ئامانجە جێبەجێبەكراوەكەیە،چونكە مەبەستەكە  كۆتاییهێنانە بە هەبوونی كورد، لە هێڵی سنووریی لەگەڵ توركیا".

تێكشكاندنی داعش بەدەستی كورد
هەروەها بڕگەیەكی وانەكە تەرخانكراوە بۆ رۆڵی كورد لە سوریا لە تێكشكاندنی داعش دا لە وانەكەدا دەڵێت  "كوردی سوریا یەكەمین هێزبوون دەوڵەتی ئیسلامییان تێكشكاند و بەغدادییان لە پایتەختە سوورییەكەی لە رەقە دەرپەڕاند، بەبێ ئەوان كە 11 هەزار قوربانیاندا لەو شەڕەدا، ترەمپ نەیدەتوانی ئاهەنگی سەركەوتنەكەی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بگێڕێت، بەشێوازی خۆیشی سوپاسی كوردی كرد لە رێگەی تەسلیمكردنیان بە هەندێ جیهادیی دیكە".

ساڵی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی لە فەرەنسا لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەستیپێكرد، هەزاران خوێندكار لە فەرەنسا ئەو وانەیە لەسەر مێژووی كورد و دۆزی كورد و خەباتی گەلی كوردستان دەخوێنن.


 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان