عیراقی

لێدوانی فەرمی حكومەتی عیراق لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێدوانی فەرمی حكومەتی عیراق لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق  رایدەگەیەنێت "حكومەتی عیراق بەرپرسیارە بەرامبەر هاوڵاتییانی كورد، باس لەوەشدەكات لە رێككەوتنی ئەمجارەدا دەستوور بنەما دەبێت". 

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئابی 2020 كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی سازكرد، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەوڵەكانی هەولێر و بەغدا بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی گشتی و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وتی " رێككەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە و بەندەكانی ئەو رێككەوتنە و ئەنجامەكەی ئەوەیە، كە دەوڵەت لە بەرامبەر هاوڵاتییانی كورد بەرپرسیارە".

وتەبێژەكەی كازمی وتیشی "كاتێك حكومەت پارەی ناردووە، هەستیكردووە كە هاوڵاتییانی كوردستان پێویستیان بە پارەیە، بەپێی ئەو رێككەوتنە حكومەت پێویستبووە ئەو پارەیە بنێرێت".

 ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، ئەوەشی خستەڕوو "ئەو رێككەوتنە بەند و مەرجی تێدایە و دەبێت هەرێمی كوردستان پابەندی بەڵێن و بەندەكانی رێككەوتنەكە و دەستوور بێت، پابەندبێت بە بابەتی نەوت و داهاتی دیكە، لەوانەش دەروازەكان، ئەمە رێككەوتنێكی قۆناغییە تاوەكو بودجەی 2021 پەسند دەكرێت، ئەو رێككەوتنە بۆ بودجەی داهاتوو دەگوازرێتەوە و بە دیالۆگ و گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوام چارەسەر دەكرێت".

جێی ئاماژەیە، شاندی هەرێمی كوردستان ئێستا بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغدان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسی مووچە و بودجە. 

Qaiwan
Qaiwan