عیراقی

نوێترین زانیاری لەبارەی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


نوێترین زانیاری لەبارەی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گفتوگۆكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق ئەرێنی بووە.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری تەكنیكی و هونەری هەرێم لە بەغدا بە مەودا میدیای وت "كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستوور بووە، بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا".

زاگرۆس فەتاح، وتیشی "لەسەر تەواوی دۆسیەكان تێگەیشتنی باش هەیە و لەسەر خاڵە سەرەكییەكان گفتوگۆ كراوە، وەك رادەستكردنی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستان و هەروەها حكومەتی عیراقیش دەبێت شایستە داراییەكان بدات و لە بودجەی 2021 شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێن".

بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان هەیە، ئەمەش لەپێناو جێگیركردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021  ئامادەكاری بۆ دانانی ستراتیژییەتی بودجە بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەكرێت بەڵام هێشتا پشكی هەرێم لە بودجە بەتەواوی جێگیر نەكراوە و گفتوگۆكان لەوبارەیەوە درێژەی هەیە".

رۆژی 8/9/2020 شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و بۆ چارسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بەرپرسانی دیكەی حكومەتی عیراق كۆبوونەوە.


Qaiwan
Qaiwan