عیراقی

وردەكاری زیاتر لەبارەی كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا بڵاودەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وردەكاری زیاتر لەبارەی كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا بڵاودەبێتەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایگەیاند " تۆمەتباری كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا لە دادگای كەرخ لە بەردەم دادوەر ئامادەبوو و دانی بە كوشتنی شیلان و دایك و باوكیدا ناوە".

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە "تۆمەتبارەكە لە دادگای كەرخ كە تایبەتە بە كەیسی تیرۆر، دانی بەوەشدا ناوە كە مەبەستی دزی بووە لە رێگەی ئەوەی نزیكبێتەوە لە خێزانەكە و بەردەوام سەردانی ئەو شوقەیەی كردووە". 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-09-2020، تەرمی دایك و باوك و كچە كوردە كوژراوەكەی بەغدا بە ئۆتۆمبێل گەڕێندرانەوە سلێمانی، دوای گەیشتنەوەی تەرمەكانیشیان كەسوكارەكەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و رایانگەیاند " بۆ گەڕانەوەی تەرمەكان سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق هاوكاریی ئەوانی كردووە و سوپاسی هەموو ئەوانەش دەكەن كە هاوكاریان بوون". 

 محەمەد قادر، خوشكەزای سەرۆك خێزانە كوژراوەكەی بەغدا سەبارەت بە شێوازی كوشتنی ئەو سێ كەسە دەڵێت "لەكاتی كوژرانیان بەهیچ شێوەیەك قاچ بڕین و دەستبڕین و سەربڕین و جل داماڵین و دەستدرێژی تێدا نەبووە".

لە دانپێدانانێكی ڤیدیۆیشدا كە دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، تۆمەتبارەكە دەڵێت "پێش چوار ساڵ ئەو خێزانە كوردەی ناسیوە و دوو رۆژ لەمەوپێش داوای پارەی لە باوكی د. شیلان واتە دارا رەئووف كردووە، بەڵام پێینەداوە و لەسەر ئەوەش بووە بە دەمەقاڵەیان، بۆیە دواتر باوكی شیلان بە چەقۆ دەكوژێت، پاشان هاوسەرەكەی دێتەوە ماڵەوە و ئەویش بە چەقۆ دەكوژێت، دواتریش سەرینێكی خستووەتە سەر سەری كچەكە و ئەویشی كوشتووە". 

تۆمەتبارەكە وەك دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ناوی مەهدی حوسێن ناسر مەتەرە، دوای رووداوەكە لە بەغداوە سەردانی هەولێری كردووە و دوای ئەوەی ویستویەتی لە هەولێرەوە بچێتە دەرەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە هەولێر دەستگیركراوە". 

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقیش بە هەماهەنگی نێوان دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوانی عیراق و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان دەستگیركراوە. 
 


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان