عیماد ئەحمەد
كاك ئارام چی وت؟
لە سەرەتای پایزی ساڵی 1976 لەگەڵ كاك فازڵ كەریم ئەحمەد (مامۆستا جەعفەر) له خانهقینهوه هاتین بۆ سلێمانی بۆ لای مامۆستا موحسن، مهبهستمان بوو كاك شاسوار جەلال (ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوە و شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لە ناو یەکێتی و ئامۆژگاری و راسپاردەی ئەو بۆ رێکخستنەکانی (هەرێمی پێشڕەو)، جگه لهوهش ههندێ گلەیی و رخنەمان لە كاك حیكمەت محەمەد كەریم (مەلا بەختیار) ههبوو و ویستمان به کاک ئارامی بڵێین.
سنووری ههرێمهکه ئهوکات بەغدا، مەندەلی، خانەقین و گەرمیانی لە خۆدەگرت، شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسن، دڵشاد مەولود و عیماد ئەحمەد ئەندامی كۆمیتەی هەرێمەكە بوون. دوای پەیوەندیکردن بە رێکخستنی سلێمانییەوە بۆ دیدارەکە، کاک ئازادی مەلا دانرابوو بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام.
لە کات و شوێنی دیاریکراو لە (ئەسحابە سپی) لەگەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن ئامادەبووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێی باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لەبەر ئەمنیەت و خۆپاراستن، مامۆستا جەعفەر وتی: با عیماد بچێ.
ئیتر لەگەڵ کاک ئازاد له ئهسحابه سپییهوه شۆڕبووینەوه بۆ خوارەوە بەرەو گەڕەگی سەرشەقام، چووینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، کەسێک لە نزیك دەرگای خانوویەکی گڵ رووە و گۆیژە راوەستابوو، كاك ئازاد سڵاوی لێكرد و بە مستی راستی سێ جار لە دەرگاکەی دا و بێ چاوەڕوانی و بەدەمەوە هاتن لە گەڵ خۆی منی برده ژوورەوە، یەکسەر چاوم كەوتە سەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانیشتوون كە بەسەر دوو ژووردا دەیڕوانی، خەریکی چا خواردنەوەن، دەرگای دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێك لە یەك دوور بوون، دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو، دوای سڵاو و ئەحواڵ پرسین، دەرگای ژووری تەنیشتیان بۆ من کردەوە، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایهوە.
بۆ من ساتهوهختێکی خۆش بوو، وەکو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت كاك ئارام وەها هاتە بەرچاوم.
من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی 1974 لە چۆمان بینیبوو لە (سكرتاریەتی یەکێتیی لاوانی كوردستان)، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، که بینیم شەڕواڵێک و کراسێکی لەبەر بوو، دەم وچاوی هیلاك، دەست و پەنجە زەرد ههڵگەڕاو، چاویلكەكەی لە چاو بوو، جانتایەکی بچوک و چەند وەرەقە و قەڵەمێك و تێپێكی ئاوی لهبهردەست بوو، ژوورەكە بچووك و بنمیچەكەی نزم بوو، پەنجەرەكەی لەسەر هەیوان و چەند بستێك لە زەوییەكە بەرزتر بوو، بە پهردەیەكی قوماش داپۆشرا بوو، ژوورەكە زۆر رووناك نەبوو، تەنها ژێر نوێنێكی تیادا بوو، چەند لێفە و دۆشەك و سەرینی لەسەر دانرابوو، راخەرێك بە قەد نیوەی ژوورەكە راخرابوو ،كاك ئارام چوار مشقی لە سەر ئەرزەكە دانیشتبوو، هەڵسا و تەوقەی لەگەڵدا کردم و لە بهرانبەری خۆی داینیشاندم.
دوای بەخێرهاتن و ئەحواڵ پرسین، وتی: دەقیقەیەک سەبرم لێبگرە تا ئەم نامەیە تەواو دەکەم، چکلێت ئاسا پێچایەوە و خستییە گیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێكی روون و سادە دەستیكرد بە شیكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و دنیا و پەیوەندییهكان و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش، دوای ئەوە پرسیاری لە وەزعی رێکخستنەکانی هەرێمی پێشڕەو و باری ژیانی خەڵک لە بەغدا و خانەقین و کاریگەریی چوونە دەرەوەی کاک عەلی عەسکهری و هەڤاڵەکانی لە ناو جەماوەر کرد، منیش بە کورتی وڵامم دەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم و کاتەکەش بەفیڕۆ نەدەم. دوای ئەوە وتی: فەرموو، منیش قسەکانم كرد بەشێوەیهكی كورت و پوخت سەبارەت بە هەرێمی پێشڕەو و کۆمەڵە و یەکێتی و شۆڕش و ئەركی تازەی خەباتمان، ئەویش بە دیقەت گوێی دەگرت، كە قسەكانم تەواو كرد وتی: ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بەهێزی بکەین، بۆ ئەوەی ببێت بە کاکڵە و داینەمۆی یەکێتی، مام جەلال دامەزرێنەری سەرەكیی یەکێتییە و لەسەر بنهمای نیمچە بەرەیی دایمەزراندووە و لە داهاتوودا بە گەشەكردن و بەرفراوانبوونی لایەنەكانی ناو یەكێتی دەبێتە بەرەیهكی نیشتمانی و میللی یەكگرتوو، ئەم شۆڕشە لە بنچینەدا شۆڕشێكی نەتەوەییه، تەنها بە کۆمەڵە ناکرێت و بەڕێوە ناچێت، بگرە شۆڕشەكە پێویستی بە بەرەیەكی سیاسیی فراوانە. لهوێدا رۆڵی مام جلالی بەرز نرخاند لە هەڵسانەوەی و هەڵگیرساندنی شۆڕش لە كوردستان.
لە دواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی و گازندە و رەخنەبارانی کاک بەختیار، وتم: ئەو هەموو رۆژێک لە شەقامەکانی سلێمانی دەسوڕێتەوە و خەڵک دەیبینن و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاوکردووەتەوە کە مەلا بەختیار لەلایهن ئەمنی عامەوە گیراوە، وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زیانێکیتر بەر رێکخستن بکەوێ، من قسەم دهکرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، كە قسەكانم تەواو بوون، کاک ئارام هەڵسا و لەسەر هەر دوو ئەژنۆی دانیشت و وتی: گلەیی و رهخنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفەوە بۆ یاو ناحەق و نادروستە، ئەو ئێستا خەریکی رێکخستنەكانی کۆمەڵەیە و پەیوەندی بە هەموو رایەڵەکانی رێكخستنەوە دەكات، هەر رۆژێك و لە شارێكە ئەو هەموو کارەكانی رێكخستنی لە ئەستۆ گرتووە دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بكرێن؟ ئینجا وتی: باشە ماوەیەکی تر دەیبینم، حاڵی حازر لە شار نییە و دواییش لهو بارهیهوه نامەیەکتان بۆ دەنێرم.
دوا قسەم دەربارەی كاك ساڵح سێوك (شێروان شێروەندی) بوو كە پێش رۆژێك لە جادەی سجن بینیم، زۆر بێتاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە، دەیوت هاوڕێیانی رێكخستن دەستی دەستیم پێدەكەن، ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەكەن دەگەڕێمەوە.
بە كاك ئارامم وت: هاوڕێیەكمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆڕشەوە بكات و بچێتە دەرەوە چەند رۆژێكە لە شارە و هاوڕێیانی ئێرە هاوكاریی ناكەن بۆ رۆشتنەكەی، ئەویش وتی: خۆتان دەزانن پەیوەندیكردن بە مەفرەزەكانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو كەسێك نانێرینە دەرەوە، پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە رووی رەوشت و بیر و بەرگری و هەڵسوكەوتەوە، منیش بە دوور و درێژی وەسفی كاك شێروان شێروەندیم كرد لە هەموو روویەكەوە وەكو ئەوەی بڵێم: ئەم كەسە دەمانچەیەكی چواردە خۆری سێ لەسەر سێی، لاكەلی، تەرەقە سوورە، ئەڵقەدار. لە دواییدا وتی باشە با سەبر بگرێ بۆی جێبەجێ دەكەین.
دوای تەوقەكردنێكی تر لهگهڵم، بهڵام گەرمتر لهوهی پێشوو بهڕێیکردم و منیش خواحافیزیم لێکرد و لەگەڵ كاك ئازادی مەلا بە هەمان رێگە گەڕاینەوە شوێنی دیاریكراو و لە یەكتر جیابووینەوە.
گەڕامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسن، رۆژی دوایی قسەكانی كاك ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن گێڕایەوە، لەدواییدا زانیمان ئەو ماڵە، ماڵی كاك ئاوات قارەمانی بوو.
پاش ماوەیەك كاك بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستیكرد بە گلەیی و وتی: بۆ لای كاك ئارام رەخنەت لێگرتووم، دهبوایه پێش ئەوهی لای ئهو رهخنهم لێبگریت لای خۆم باست بکردایه؟ سەرەتا بە زەردەخەنەیەك و سەر بادانەوە حاشام لێكرد، بهڵام ئەو به شتێکی سهیر کهشفی کردبوو، وتی: كاك ئارام باسی هاوڕێیەكی هەرێمی پێشڕەوی کرد، كە هاتووەته لای و سۆرانییەكەی باش نەبووە، لە ناوماندا تهنها تۆ سۆرانییەكەت باش نییە، دەبێت تۆ بیت.
لەدواییدا وتم: بەڵێ من بووم، لەپێناوی كۆمەڵە، یەكێتی و تۆش بووە، لێرهوه ئەو شایەتییەی بۆ دەدەم كە هیچ دڵگران نەبوو و بە رۆحی وەرزشی وەریگرت. دوای ئهوه وتی: كاك ئارام نامەیەكی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەینێرم، ئێستا و ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نەمانبینی.
بەڕاستی لە ژیانمدا كەم سەركردەم بینیوە وەكو كاك ئارام ئەو بهرگری و پشتیوانییە لە هاوڕێیەكی خۆی بکات و بەو جۆرە راستییهكان روون بكاتەوە، نهک وەکو خەڵکانی تر، ترش و خوێ به باسێکی خراپی هاوڕێیهکی خۆی بکات و نان و پیازی پێوه بخوات.
لێرهوه فەرمایشتهكەی مەولانا جەلالەدین رۆمیم بیردهکهوێتهوه كە دەڵێت "رووبار بە لە هاوڕێیەتی و برایەتیدا). ئهم وتهیه رێک پڕ بە پێستی كاك ئارامە، ئهو نهک رووبار، بگره دهریایهک بوو له هێمنی و وهفا بۆ هاوڕێکانی.
لەو دیدارەدا باشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورە و خاوهن کاریگهرییه، ههستم بهوهکرد که ئهو پیاوه کاریزمایهکی ههیه، كادرێكی پێشكەوتوو و پێگهیشتوو بوو، لە کاتی شکستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداریی گهورهدا، له سات و بەرکەوتنی جهزرهبهیهکی سهخت به رێکخستنەکانی رێكخراوەكەی و شاڵاوی گرتن و کوشتن و راونانی ههڤاڵانی، له ساتی بڵاوبوونەوی نائومێدی لە ناو خەڵکدا، ئا لەو ئان و ساتەدا قۆڵی ئازایەتی و جوامێری هەڵماڵێت و لێپرسراوێتی قۆناغێکی سهختی خهبات و سهرکردایهتیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاوڕێیان کاک ئازاد هەورامی، کاک سالار عەزیز و مەلا بەختیار، کۆمیتەی هەرێمەکان دروستبکەن و کاک ئارامیش وەکو سکرتێری کۆمەڵە رۆڵ ببینێت بەبێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵڕشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری.
کاک ئارام بە سەلیقە رابەر بوو، بێجگە لە ئاستی بەرزی رۆشنبیری و سیاسی و دووربینی بۆ ئەو كاتە پیاوێکی بە توانا و دەگمەن بوو.
كاك ئارام لەو ماوە كەمەی كە لێپرسراوی كۆمەڵە بووە، دەستێكی باڵای هەبووە لە گۆڕینی بەشێك لە بیر و هزر و سیاسەتی كۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیكردن و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ لە وڵاتدا، ههر بەمەش بوو بە سیمبوڵ و ئەستێرەیەكی گەشی پرشنگدار لە سەرتاسەری كوردستاندا.
سهبارهت به کاک ئارام زۆر جار ئەم پرسیارە له خۆم دهکهم، ئەگەر كاك ئارام بەو كوتوپڕییه و له سهرهتای شۆڕشی نوێ شەهید نەبوایە، كۆمەڵە لە رووی چینایەتی و چونایەتییەوە چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆڕش بە چ ئاقارێكدا دەڕۆیشت؟
بەڵام سهد حهیف ئهو سهرکرده لێهاتووە بههۆی بێباكی خۆی و كەمتەرخەمیی هاوڕێكانی لە 31/1/1978 لە دێی تەنگیسەر بەدەستی تاقمێك جاشی خۆفرۆش شەهید دەبێت و رۆحیشی ئۆغری ئەبەدی دەكات بۆ لای شەهیدانی تری كوردستان، ئهو پیاوهی چهند ساڵێکی کهم سهرکردایهتی شۆڕشی کرد، بهڵام بۆ ئهبهد نهمری به باڵای خۆی بڕی.
به بۆچوونی من ئارام، دهرکهوتن و دیاردهیهک بوو له شۆڕش و سیاسهتی کوردیدا که پێویستی بهوهیه دیراسهی بکهین، چونکه رهنگه زیادهڕهوی نهبێ گهر بووترێت ئارام وێرای شههیدبوونی، هێشتا کهسێکه به زیندوویی ماوهتهوه، سێبهری ئارام هێشتا بهسهرمانهوهیه، ئارام شەم بوو بۆ پەروانە دەگریا و بەدوای سۆمای چاودا دەگەڕا، ئەستێرە بوو لەناو چاوی گەردوون، بە هێمنی دەخولایەوە.