گێتی
بەهۆکاری دزی، ئەمەریکا پێدانی مافی مانەوەی بە عیراقییەکان راگرت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی دادی ئەمەریکی بڕیاری تۆمەتبارکردنی بۆ سێ کەسی پەنابەر دەرکرد کە یەکێکیان عیراقییە و چەند دۆسێیەکی نهێنییان دزیوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە دۆسێکان بریتیبوون لە 1500 داخوازی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئەمەریکا.
دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی دادی ئەمەریکی، وەزارەتی دەرەوەش بڕیاری دا بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەرانی عیراقی رابگرێت.
لەبارەی رووداوەکەوە، ئاژانسی هەواڵیی بولمبێرگی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە وەزارەتی دەرەوە لە بڕیارێکی لەناکاودا، بۆ ماوەی 90 رۆژ پێدانی مافی مانەوە بە پەنابەرانی عیراقی رادەگیرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دوان لە تۆمەتبارەکان ئەردەنی و روسین و یەکێکیان فەرمانبەری فەرمانگەی گومرگە و ئەوی تریان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەران بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو دوو کەسە لەلایەن پەنابەرێکی عیراقییەوە داوایان لێکراوە دۆسێکان پەیدا بکەن و رادەستی ئەوی بکەن، ئەوانیش بەو کارە هەستاون، دۆسێکانیش بریتیبوون لە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکانی پەنابەرانی عیراقی لە ساڵی 2016 تا ساڵی 2019 .
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویانکردووەتەوە ئەو کەسە عیراقییەی کە سەرپەرشتی دزینی مەلەفەکانی کردووە، ناوی ئەوس مۆفەق عەبدولجەبارە و پێشتر لە ئەردەن ژیاوە و جارێکیش داواکاری بۆ مافی مانەوە لە ئەمەریکا رەتکراوەتەوە.
ب.م