د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

بیابانی خۆرئاوا، دۆزێکی فەرامۆشکراو

بیابانی خۆرئاوا؛ ناوچەیەکی فراوانە، رووبەرەکەی 266 هەزار کیلۆمەتر دووجایە (هێندەی رووبەری بەریتانیایە)، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ئەفریقا، لەسەر زەریای ئەتڵەسییە، لە باکوور مەغریب و لە باکووری رۆژهەڵات جەزائیر و لە رۆژهەڵات و باشووریش مۆریتانیایە. خاکی بیابانی خۆرئاوا، بە وشکترین و دژوارترین خاکی سەر رووی زەوی دادەنرێت. کەمترین چڕیی دانیشتوانی هەیە کە نیو ملیۆن کەسە، بە فۆسفات دەوڵەمەندە.

بیابانی خۆرئاوا، لە ساڵی 1700 لەلایەن ئیسپانیاوە داگیر کراوە. مەغریبیش، هەندێ شوێنی لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسا و هەندێ شوێنیشی لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا بوو. کاتێک مەغریب سەربەخۆیی وەرگرت لە 1958، داوای کرد بیابانی خۆرئاوا بخرێتە سەر مەغریب، کە ئەو کاتە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا بوو.
 
لە 1970، ئیسپانیا بڕیاریدا لە بیابانی خۆرئاوا بچێتە دەر، دەبوایە لەو ماوەیەدا ریفراندۆم بکرێت و دانیشتوانی بیابانی خۆرئاوا بڕیار بدەن؛ ئایا سەربەخۆبن یان بخرێنە سەر مەغریب، بەڵام ئەم ریفراندۆمە نەکرا. دوای دەرچوونی ئیسپانیا لە خاکی بیابانی خۆرئاوا لە 1975، بیابانی خۆرئاوا دابەشکرا، بەشێکی خرایە سەر مەغریب و بەشێکیشی خرایە سەر مۆریتانیا.

پۆلیساریۆ، کە کورتکراوەی ناوی رێکخراوی (بەرەی میللیی بۆ ئازادیی کانی سوور و دۆڵی زێڕ)ە بە زمانی ئیسپانی. رێکخراوێکی چەکدارییە، لە 1973 دامەزراوە دژ بە داگیرکەری ئیسپانیا و لە دواییشدا دژ بە دەسەڵاتی مەغریب و مۆریتانیا.

پۆلیساریۆ، لە 1976 کۆماری بیابانی خۆرئاوای راگەیاند لە هەندەران لەسەر خاکی جەزائیر، داوای سەربەخۆیی بیابانی خۆرئاوای دەکرد و مەغریبی بە داگیرکەری بیابانی خۆرئاوا دادەنا.

بەهۆی بەرەنگارییەکانی پۆلیساریۆ و پێکدادانیان و هێرشکردنی پۆلیسارییەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی مۆریتانیا، لە 1979 مۆریتانیا بیابانی خۆرئاوای بەجێهێشت و کشایەوە، پاشان پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ پۆلیساریۆ واژۆ کرد کە تاکو ئێستاش بەکارە و مۆریتانیا بێلایەن ماوەتەوە. بەرانبەر بەمە، مەغریب زەوی زیاتری لە بیابانی خۆرئاوا داگیرکرد و زۆربەی ئەو خاکەی لەژێر دەستی مۆریتانیا بوو، مەغریب دەستی بەسەردا گرت و لە 1980، پشتێنەیەکی لە دیواری لمین دروستکرد لەنێوان هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پۆلیساریۆ و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی مەغریب. ئەو دیوارە، مینڕێژ کراوە و بەردەوام گەورە دەکرا تا 1991، بۆ ئەوەی هێرشی پۆلیسارییەکان دووربخاتەوە.


کۆماری بیابانی خۆرئاوا، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدا نەنراوە، هەرچەندە نزیکەی 80 وڵات دانی پێدا نابوو (زۆرێک لەو وڵاتانە وردە وردە کشاونەتەوە لە دانپێدانانی، بەتایبەتی دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤێت و کەمپی سۆشیالیست، ئێستا ژمارەی ئەو وڵاتانەی دانیان پێدا ناوە، بووەتە 38 وڵات کە زۆربەیان لە ئەفریقان)، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان دانی نەناوە بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی خۆرئاوادا، بەڵام دانی بە پۆلیساریۆدا ناوە وەک لایەنێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی مەغریب.

مەغریب رازییە بەوەی ریفراندۆم بکرێت، بەڵام تەنها بۆ ئۆتۆنۆمیی بێ بەبێ مافی چارەنووس، ئەمەش نە پۆلیساریۆ و نە نەتەوە یەکگرتووەکان پێی رازیی نین، بەهۆی سنووردارکردنی ریفراندۆمەکە.

دابەشکردنی بیابانی خۆرئاوا بەسەر پۆلیساریۆ و مەغریبدا، پێشنیازێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەڵام ئەمە لەلایەن هەردوولاوە رەتکرایەوە بەتایبەتی مەغریب. پۆلیساریۆ داوا دەکات تەنها ئەوانەی کاتی سەرژمێریی ئیسپانییەکان لە 1974 و نەوەکانیان، بەشداریی دەنگدان بکەن، چونکە ئێستا دیمۆگرافیای ناوچەکە لەلایەن مەغریبەوە گۆڕدراوە و نابێت تازەهاتووەکان بەشداربن، ئەمەش دیسان لەلایەن مەغریب رەتدەکرێتەوە. تاکو 1991، پۆلیساریۆ لە شەڕدابوو لەگەڵ مەغریب بە پشتیوانیی جەزائیر و هەندێ وڵاتی تر.

ئەم ناوچەیە، چارەنووسی دیارینەکراوە، فەرەنسا و بەریتانیا پشتگیریی مەغریب دەکەن، روسیا پشتی هەردوولا دەگرێت و خۆی بە بێلایەن داناوە. ئیسپانیا لە 2020 ئابڵوقەی لەسەر پۆلیسارییەکان داناوە، قەدەغەیە لە ئیسپانیا و لە میدیا فەرمییەکاندا، سونبولەکانی پۆلیساریۆ بەکاربێن.
وڵاتان دابەشبوون لەنێوان هەردوولادا، زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەفریقا، پشتی پۆلیساریۆ دەگرن، ئەمەش لەژێر کاریگەریی جەزائیر و لیبیایە و پۆلیساریۆ، هەروەها کۆماری بیابانی خۆرئاوا ئەندامە لەو رێکخراوەدا.

تا جەنگی سارد هەبوو، مەغریب پشتگیریی دەکرا لەلایەن رۆژئاوا و ئەمەریکاوە. جەزائیر و پۆلیساریۆش لەلایەن وڵاتانی سەر بە سۆڤێت و وڵاتانی بێلایەن، وەک: هیند... هەرچەندە لیبیا پشتی لە پۆلیساریۆ کرد، بەڵام جەزائیر بەردەوامە لە پشتگیریکردنیان و لەئێستاشدا بەهۆی کێشەکانی ناوخۆییانەوە، یارمەتییەکانی ئەوانیش کەمیکردووە.

جەزائیر لەبەر چەند هۆیەک پشتی پۆلیساریۆ دەگرێ و بەرگرییەکەیان بە رەوا دەبینێ؛ بەهۆی ناکۆییەکانی لەگەڵ مەغریب لەسەر بەشێک لە بیابانی گەورە، کە مەغریب داوای بەشێک لە خاکی جەزائیر دەکات، هەردوو وڵات تائێستاش برینەکانیان ساڕێژ نەبووە لەو شەڕانەی لەسەر دابەشبوونی سنوور و (شەڕی لم) ماوە. هەروەها شەڕ لەسەر کانەکانی ئاسن لەنێوان هەردوو وڵات و کێبڕکێیان لەسەر دەسەڵات لەنێو وڵاتانی ئەفریقا کە کامیان رۆڵی زیاتر ببینن.

لە 1991 و دوای نەمانی سۆڤێت و شەڕی سارد، لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕ راگیراوە. دەبوو لە 1992 ریفراندۆم بکرێت. هێزی مینورسۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 1991 لەنێوان سنووری بیابانی رۆژئاوای ژێر دەسەڵاتی پۆلیساریۆ و بیابانی رۆژئاوای ژێر دەسەڵاتی مەغریب هەن تا پارێزگاری لە پەیمانی ئاگربەستی نێوان هەردوولا بکەن.


لەسەدا هەشتای بیابانی رۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتی مەغریبدایە و زۆربەی خاکەکەی لەسەر زەریایە و شارە گرنگەکان لەو بەشەن، مەغریب ئەو ناوچەیە بە هەرێمەکانی باشوور یان بە سەحرای مەغریبی ناودەبات و پۆلیساریاش بە خاکی داگیرکراو ناوی دەبات. لەسەدا بیستی خاکی بیابانی رۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی پۆلیساریۆدایە و بە خاکی ئازادکراو ناوی دەبات.


کێشەی بیابانی رۆژئاوا؛ یەکێکە لە کێشە کۆنەکان کە تاکو ئێستاش بێ چارەسەر ماوەتەوە. تا پێش ساڵی 1991، زیاتر لە 15 هەزار کوژراو هەبوون و ژمارەیەکی زۆریش بوون بە پەناهەندە لە جەزائیر و دوای نزیکەی نیو سەدە، هێشتا لەژێر چادردا دەژین.

بیابانی رۆژئاوا، کەوتووەتە بەر سیاسەتی فەرامۆشکردن و لە باسوخواسی نەتەوە یەکگرتووەکان دابڕاوە. لە 2018 مەغریب پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بڕی لەسەر ئەوەی ئێران یارمەتی پۆلیساریۆ دەدا بەتایبەتی لە رێگەی حزبوڵڵای لوبنانی. لە تشرینی یەکەمی 2020، ئەمەریکا و فەرەنسا بە بەیانێک پشتی مەغریبیان گرت و پێشنیازی ئۆتۆنۆمییان کرد و بە چارەسەرێکی گونجاوی دەبینن بۆ ئەو ناوچەیە.

لە کۆتایی ساڵی 2020، نزیکەی 16 وڵات كونسوڵخانەیان لە بیابانی خۆرئاوای ژێر دەسەڵاتی مەغریب کردووەتەوە، لەوانە: ئیمارات. کردنەوەی كونسوڵخانە، دانپێدانانێکی فەرمییە بەوەی کە بیابانی خۆرئاوا بەشێکە لە مەغریب. ئیمارات دەزانێت ئێران و تورکیا هەوڵدەدەن جێپێیان لەو ناوچەیە خۆشبکەن، بۆیە ئەو هەنگاوەی نا. ئیمارات، دۆستی ئەمەریکا و ئیسرائیلە و پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل بەستووە و باڵیۆزخانەیان لای یەکتر کردووەتەوە و کردنەوەی كونسوڵخانەکەی  لە بیابانی خۆرئاوا زیاتر بۆ نزیککردەوەی ئیسرائیل بوو لە مەغریب.

لە ئابی 2020، سەرۆک وەزیرانی مەغریب وتی "پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئیسرائیل، هێڵی سوورە و پشت لە فەلەستین ناکەین"، بەڵام لە کانوونی یەکەمی 2020، دۆناڵد ترەمپ دانی بە سەروەریی مەغریبدا نا لەسەر هەموو بیابانی خۆرئاوا و باڵیۆزخانەی تیادا کردەوە، بەرانبەر بەوە، مەغریب دان بە ئیسرائیلدا بنێت.


لەو چەند مانگەی دوایی، پۆلیساریۆ رێگری کرد لە پەڕینەوەی بازرگانی لە گەرگەرات کە تاکە رێگەی پەڕینەوەی بازرگانی و هاتوچۆی سیڤیلە لەنێوان مەغریب و مۆریتانیا و ئەفریقا بە ئۆتۆمبێل. شاری گەرگەرات، بە ناوچەیەکی لە چەک داماڵراو دانراوە و قەدەغەیە هێزی چەکداری لێ بێت، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی پۆلیساریۆ، مەغریب دیواری لمینی دروستکرد، ئەمەش پێشێلکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئەو ناوچەیە دەبێت بێلایەن بێت و بۆ هاتوچۆی بازرگانی و پەڕینەوەی یارمەتیی مرۆیی بەکار بێت.
 
پۆلیساریۆ، مەغریبی بە شکاندنی پەیمانی ئاگربەستی ساڵی 1991ی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتبارکرد و بڕیاری شەڕکردنی داوە. مەبەست لەو جموجوڵەی پۆلیساریۆ ئەوەیە؛ جارێکی تر دۆزەکەیان بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. پۆلیسارییەکان هەستدەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان دۆزەکەیانی پشتگوێخستووە و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەفریقادا بەگەڕی بخەنەوە. 

رێکخراوی یەکێتیی ئەفریقا و نەتەوە یەکگرتووەکان نەگەیشتوونەتە چارەسەرێک کە هەردوولا رازیی بکات، چەند نەوەیەک لەدایکبووە لە دوای 1975، ئەم نەوانە لێکترازاون بەهۆی بوونیان لە دوو لایەنی جیاواز لە بیابانی خۆرئاوای ژێر دەسەڵاتی مەغریب و ژێر دەسەڵاتی پۆلیساریۆ و لە پەناهەندەیی و ژێر چادردا دەژین. 

تا دێت وڵاتان دانپێدانانەکانیان بۆ کۆماری بیابانی خۆرئاوا دەکێشنەوە بەهۆی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ مەغریب، هەروەها زۆربەی ئەو وڵاتانەی دانیان پێدا نابوو، لە بەرەی سۆڤێت بوون و دژ بە ئەوروپا و ئەمەریکا بوون، ئەم دابەشبوونەش بەپێی بەرژەوەندییەکان گۆڕاوە. هەروەها دووریی بیابانی خۆرئاوا لە وڵاتان، وای لەو بزووتنەوەیە کردووە کار نەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانیان. لە لایەکی تریش کەمیی ژمارەی دانیشتوانی بیابانی خۆرئاوا، بەتایبەتی لەژێر دەستی پۆلیساریۆ و کێشەکانی ناو رێکخراوی پۆلیساریۆ و لێکترازانیان و دووبەرەکی و زۆریی کێشەی ناوخۆیی جەزائیر، وایانکردووە کێشەی بیایانی خۆرئاوا بەلاوە بنرێ.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan