راپۆرت

پۆرن، سێکس و لینکی ساختە بوون بە ئامرازی پێشکەوتنی زانکۆکان لە ریزبەندیەکاندا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆرن، سێکس و لینکی ساختە بوون بە ئامرازی پێشکەوتنی زانکۆکان لە ریزبەندیەکاندا
مەودا میدیا-

راپۆرت؛ بەڵێن عزەت میکە

ساڵانێکی زۆرە گلەیی لە ئاستی زانکۆکان دەکرێت، بەڵام هیچ کات هێندەی ئێستا نارەزایەتی لە ئاستی خوێندنی باڵا دەرنەکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک زانکۆ بەردەوام لە ریزبەندییەکاندا بەرەوپێشەوە دەچن، بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ گۆرانکارییەک لە ئاستی زانستییاندا بکرێت.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 زانکۆی حکومی و تایبەت بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە تۆمارکراون، نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە، زانکۆ تایبەتەکانن، ئەوانیش لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا کار دەکەن.

پرسی پۆلێنکردن و ریزبەندی نیشتمانیی زانکۆکان یەکێکە لەو پرسانەی کە زانکۆکان زۆر گرنگی پێ دەدەن، بەتایبەتی زانکۆ تایبەتەکان، چوونکە ئەوە وا دەکات خواست لەسەر خوێندن لەو زانکۆیانە زیاد بکات.

سەردانیکردن و رێژەی خوێنەری ماڵپەڕی زانکۆکان یەکێکە لە پێوەرەکان کە بۆ ریزبەندی پشتی پێ دەبەسترێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی مەودا میدیا هەندێک ساختەکاری لەو پێوەرەدا کراوە.

سەڵاح یەحیا، مامۆستای زانکۆیە و ئەندامی لیژنەی باڵای ریزبەندی نیشتمانییە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "زانکۆی کۆمار لە رێگەی لینکی ساختەوە پلەی 7 هەزار و 518ی لە ئاستی جیهان لە ریزبەندی وێبۆمێتریکس بەدەستهێناوە".

نوسیویشیەتی "ئەمە لەکاتێکدایە کە زانکۆکە ستافێکی ئەکادیمی 120 کەسی هەیە، بەڵام زانکۆی سلێمانی بە ستافیکی هەزار 800 کەسییەوە لە پلەی 18 هەزار و 975ی هەمان ریزبەندیدایە".

مەودا میدیا بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد، بە کرداریی هەندێک بابەتی پۆرن و سێکسی و ریکلام بۆ بابەتی سێکسی وەکو "ڤیاگرا" لە ماڵپەری زانکۆکەدا بینرا.

بەڵێن نەجمەدین، رێکخەری بەشی پەیوەندییەکان و بازاڕگەری زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، سەبارەت بەو پرسە قسەی بۆ مەودا میدیا کرد.

ناوبراو وتی "ئەوەی سەڵاح یەحییا دەیڵێت تۆمەتە و ئێمە رەتیدەکەینەوە، ئەگەر شتێکی لەو بابەتەش هەبێت دەبێت لەرێگەی وەزارەتەوە یەکلایی بکرێتەوە نەک لەرێگەی سۆشیال میدیاوە بوروژێنرێت".

سەبارەت بە بوونی بابەتی پۆرن و سێکسی لە ماڵپەڕەکەیاندا، بەرپرسەکەی زانکۆی کۆمار وتی "ئەوانە لەلایەن خەڵکی ترەوە بۆمان نوسراو و دانراون"، روونیکردەوە "ماڵپەڕەکەمان وەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایە دەکرێت بینەرەکان کۆمێنتی خۆیان بنوسن، ئەو بابەتانەی باس دەکرێن لەلایەن خەڵکەوە نوسراون نەک خۆمان بڵاومانکردبێتەوە".

مەودا میدیا بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بابەتەکە، زانیاری لە سامان عەبدوڵا، شارەزای تەکنەلۆجیای زانیاری وەرگرت، ئەو پێی وایە ئەوەی روویداوە "ئاسانە" و رۆژانە لە جیهاندا ئەو بابەتە دووبارە دەبێتەوە.

وا روونیکردەوە "هەندێک ماڵپەڕ جا میدیا بن یان زانکۆ، ئەکاونتی کەسیی فەیک دروستدەکەن، بۆئەوەی کۆمێنت بۆ بابەتەکانی خۆیان بنوسن و هاشتاگە باوە جیهانییەکان بەکاربهێنن، مەبەست لەم کارە ئەوەیە کە کاتێک کەسێک سێرچ بۆ هاشتاگەکە دەکات ئەو ماڵپەڕەی بۆ بکرێتەوە، بەوەش سەردانیکەری ماڵپەڕەکە زیاتر دەبێت".

لەبارەی هەمان بابەتەوە، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەت خوێندنی باڵا، بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دوای لێکۆڵینەوە راستیەکان دەخەینەڕوو".

زانکۆی کۆمار یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی، ساڵانە بە سەدان خوێندکار لەوێ دەردەچن و بروانامە بەدەستدەهێنن، لە ریزبەندی وێبۆمێتریکس کە پشت بە ڤیووەری ماڵپەڕی زانکۆکان دەبەستێت، پێش سەرجەم زانکۆکانی کوردستان کەوتووە.

هەندێک لە وێنە هاوپێچەکان کە پەیوەستن بە بابەتی رووماڵکراوی ناو راپۆرتەکە
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان