چاوپێكەوتن

کەژاڵ ئەحمەد، پەروانەی عیشق و ئازادی

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەژاڵ ئەحمەد، پەروانەی عیشق و ئازادی
مەودا میدیا-

دژەباو؛ یەکێک لە بەرنامە سەرنجڕاکێشەکانی بوو، پڕ بە پێستیشە بۆ ناونیشانی خانمێک، کە لە لایەک شاعیرێکی هەست ناسک و ژنانەیە، لە لایەکیش خانمێکی سەرسەخت و خۆڕاگر و بوێرە لە بەگژداچوونەوەی نەریت و باوە ژەنگگرتووەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی دژ بە ژنانی ئازادیخواز.

خاتوو کەژاڵ ئەحمەد، نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووس و میدیاکار، سەرەڕای ئەوەی لە هەر یەکێک لەو بوارانەدا سەرکەوتووانە کاری کردووە، تۆزی پیاوسالاریشی لێ تەکاندوون و مۆرکی ژنانەی پێ بەخشیوون و جێپەنجەی خۆی بەسەریانەوە جێهێشتووە، بەتایبەتی لەبواری شیعردا، کە دەنگی زوڵاڵی هەزاران هەزار ژنی ستەملێکراو و خەفەکراوە و لە رێگەی شیعرەکانییەوە دەنگ و رەنگی پێ بەخشیون.



کەژاڵ ئەحمەد، وەک شاعیر و نووسەر و میدیاکار، خانمێکی ناسراوە، بەڵام دەمەوێت باسی کات و شوێنی لەدایکبوون و بنەماڵەکەتمان بۆ بکەیت؟
ناوم کەژاڵ ئەحمەد سەعید محەمەد بەرزنجییە، ساڵی 1967 لە کەرکوک لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵا لەدایکبووم. بە ئەسڵ خەڵکی سلێمانین، بەڵام بەهۆی کاری باوکمەوە، لە شاری کەرکوک ژیاوین و تا تەمەنم بووە بە چوار ساڵ لەوێ بووین، دواتر گەڕاوینەتەوە بۆ سلێمانی. باوکم؛ شێخ ئەحمەد سەعید بەرزنجی، ساڵی 1936 لە بەرزنجە لەدایکبووە.
خاتوو صەفیەی نەنکم (دایکی باوکم)، لە ژنە لێهاتووەکانی بەرزنجە بووە، بنەماڵەکەیان لە ساداتی بەرزنجەن.
دایکم؛ بەدریە شێخ عەبدول ساڵح بەرزنجی، لەگەڵ باوکمدا خزمی یەکترن. ماڵی باوکی دایکم، لە سییەکانی سەدەی رابردووەوە لە بەرزنجەوە هاتوونەتە سلێمانی. دایکم لای ئۆرزدی لە خانوویەکی نزیک دوکانەکەی یوسفی عەبەکە، ساڵی 1949 لەدایکبووە. باپیری دایکم، لە سییەکانەوە تا کۆچی دوایی کردووە، لە سابوونکەران لە دوکانێکی نزیک دوکانەکەی نەجمەدینی مەلا، وشکەفرۆش بووە. باوکی دایکم، واتا؛ شێخ عەبدول ساڵح، لە سەردەمی مەلیکیدا یەکێک بووە لە کرێکارەکانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، یەک برای هەبووە بەناوی شێخ محەمەد، لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک مولاحز فەنی (تێبینەری هونەری) بووە. یەکێک لە خاڵەکانم ناوی شێخ قادرە، بە شێخ قادری قەیسەریی نەقیب ناسراوە، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی شار و چەند ساڵێک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بووە. خاڵێکی دیکەم ناوی شێخ عەلییە (خوا لێی خۆشبێت)، بەرگدروویەکی دیاری کەوای ژنان بووە و نزیک حەوزە وشکەکە دوکانی بەگدروویی هەبووە. خاڵە شێخ ئەحمەدیشم (رۆحی شادبێت)، لە کادیرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران بووە، لەگەڵ ئەحمەد مەولودی برای شەهید مەلا عەلیدا بووە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا سەرەتا رابەر سیاسیی بووە و دواتر بووە بە حاکم لە تیپی ٥٥ی قەرەداخ، دوای راپەڕینیش یەکێک بوو لە لێپرسراوەکانی مەڵبەندی یەکی سلێمانی. خاڵێکی دیکەشم هەیە ناوی شێخ مەحمودە، ئەویش هەر پێشمەرگەی دێرینە. شێخ برایمی خاڵیشم، کە لە هەموویان منداڵترە، ئێستا لە ستۆکهۆڵم دەژی.
سەبارەت بە مامەکانیشم، ئەوانیش هەندێکیان هەر زوو بەرزنجەیان بەجێهێشتووە. مامە شێخ مەحمودم، لە سەردەمی مەلیکیدا لە کۆمپانیای نەوتی عەین زالە شۆفێر بووە. مامە شێخ محەمەدیشم ساڵانێکی زۆر پۆلیسی هاتوچۆ بووە لە سلێمانی. مامە شێخ عومەرم لە بەرزنجە مابووەوە تا لە کاتی ئەنفالەکاندا لە ساڵی 1988 لەسەر رەز و باخی خۆیان رایانگواستن و بە ناچاریی لە خانوویەکی گەڕەکی جوولەکاندا کە بە خانووەکەی شەلەمۆ ناسراوە، نیشتەجێبوون.
باوکم (رۆحی شادبێت)، خوشکی نەبوو، تەنیا سێ برای هەبوو. دایکم، پێنج برا و چوار خوشکی هەیە.

قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ تەواو کردووە؟
لە سلێمانیی قۆناغەکانی خوێندنم بڕیووە، لە سەرەتاییدا لە قوتابخانەی کوردستان بووم، ناوەندی و دواناوەندیشم لە قوتابخانەی سۆلاڤی کچان خوێندووە.

کەی تێکەڵاوی کاری سیاسی و رێکخراوەیی بوویت و چالاکییەکانت چی بوون؟
لە سەرەتای هەشتاکاندا چوومە ریزی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی قوتابخانەم کە ناوی چرۆ محەمەدە، بەیەکەوە گەلێک چالاکیی هاوبەش و کاری بەرفراوانکردنی شانە نهێنییەکەمان راپەڕاندووە. لە خۆپیشاندانی ناو قوتابخانەی سۆلاڤ و گەڕەکەکانی خۆمان و ناو شاری سلێمانی بەشدار دەبووین، تا لە 1986دا ئەو کاتەی لە گەرمەی تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی زانستیدا بووم، شانەکەمان بەهۆی جیاوازیی بیروبۆچوونی ئەندامەکانییەوە، کە بەرپرسێکمان چووبووە پاڵ ئاڵای شۆڕش، دووچاری هەڵوەشانەوە بووەوە، هەندێکیش لەلایەن رژێمەوە گیران و ژیانی هەموومان کەوتە مەترسییەوە. کاری رێکخستنی نهێنیی بەو جۆرەیە؛ دابڕانمان دەبووە مەترسیی بۆ ئەمنیەتی ئەندامەکانی دیکە و نهێنییەکانی لە لاشمان بوو، دەبوایە هەر لە لای خۆمان بمێنێتەوە. سەیرە! کە دابڕاین، نە کەوتینە بەر زیندانی بەعس و نە بەرپرسانی باڵا ئێمەیان کوشت! لەوانەشە ئەوەی لەو سەردەمەدا وایکرد لەو سەرکێشییە گەورەیە بە سەلامەتی دەربچم؛ هەبوونی خاڵە شێخ ئەحمەدم بووبێت، کە لە شاخ بە ئەحمەد عەبدول ناسرابوو، بەتایبەتی کە ئەو لەگەڵ خەتی گشتیدا بوو، واتا؛ خەتەکەی مام جەلال. بەر لە هەڵوەشانەوە و پەرتەوازەبوونی رێکخستنەکەمان، لە مەنعتەجەولێکدا لە سلێمانی، بەناچاریی نهێنیی ئەندامبوونم لەناو کۆمەڵەی رەنجدەراندا لای دایکم درکاندبوو، ئەویش لە سەردانێکیدا بۆ شاخ، خاڵە ئەحمەدمی لێ ئاگادارکردبووەوە.
 
خێزانەکەی ئێمە لە مەنعتەجەولە گەورەکەی هەشتاکاندا، بە رێکەوت لە ماڵی پورێکم لەسەربان خەوتبووین، بەیانیی کاتێک لە خەو هەڵساین، شار پڕ بووبوو لە پیاوانی حزبی بەعس و هێلیکۆپتەر بەئاسماندا دەسووڕایەوە و دەنگی ئەو شۆڤڵانە دەهات کە ماڵی شۆڕشگێڕان واتا؛ "موخەریبەکان بە وتەی پیاوانی رژێم"یان دەڕووخاند. بە دایکمم وت نیو فەردە بەیاننامە و نامیلکەی کۆمەڵەی رەنجدەران لە ماڵەکەماندایە، دەبوایە بڵاویان بکەمەوە، بێجگە لە وێنەی خاڵەکانم کە لە شاخەوە بۆ دایکمیان ناردبوو. بە هاوکاریی دایکم، بە پێ لە گەڕەکی ئاشتییەوە هاتین بۆ شێح محێدین بۆ ماڵی خۆمان لە نزیک نەخۆشخانەی شەهید حەمەڕەشی ئێستا، دایکم عەبایەکی لەخۆیەوە ئاڵاندبوو، بە هەناسەبڕکێوە وتی: "لە دوورەوە سەیر دەکەین، ئەگەر ماڵەکەمان رووخابوو، ناچینە پێشەوە". بینیمان ماڵێکی دراوسێمان رووخێنرابوو، بەڵام ماڵی ئێمە سەلامەت بوو. دوای ئەوەی دایکم چەند پرسیارێکی لە پیرەمێردێک کرد، کە یەک دیوار لەنێوانماندا بوو، دڵنیابووینەوە لەوەی بەهۆی ناوی باوکمەوە کە لەسەر دەرگاکەمان بوو، شێخ و بەرزنجی بوو، پیاوانی بەعس نەچووبوونە ژوورەوە، ئەگەرچی پشکنینی کۆڵانی ئێمە تەواو بووبوو، کەچی بە ترسێکی زۆرەوە لەگەڵ دایکم چووینە ژوورەوە، بڵاوکراوەکانم دایە دەستی دایکم، چووە بەردەم توونی حەمامەکە و دەستی کرد بە سووتاندنیان، لێی پاڕامەوە وا نەکات، لێم تووڕەبوو، وتی: "تۆ بەمجۆرە هەموو خێزانەکەت لەناودەبەیت". پێم وت: "خۆ ئێمە لە براکانت ئازیزتر نین، لە کەمالی کوڕی مامت کە لەسێدارە درا و لە حەیدەری خاڵت کە کوژرا و تەرمەکەیان بەدوای زیلدا راکێشا". ئەم قسانەم بێسوود بوون، هەموو شتێکی سووتاند، تەنانەت ترساندم وتم: "ئەگەر پیاوەکانی بەعس بەهۆی ئەم دووکەڵەوە بێن چی دەکەیت؟" زۆر بێباکانە وتی: "ئینجا چییە، دەڵێم حەمام داخستنیش قەدەغەیە؟" بەرلەوەی بڕۆینەوە بۆ ماڵی پوورم، دەستەوارەیەک وێنەی پێشمەرگەی لە قتوویەکدا لەژێر خۆڵی باخەکەماندا شاردەوە.

چ کاتێک هەستت کرد بەهرەی شیعر و نووسینت هەیە؟
هەر لە کاتی نووسینی راپۆرتدا بۆ رێکخستن، درک بە بەهرەی نووسین کرابوو لە مندا، بەرپرسەکەم داوای لێ دەکردم برەوی زیاتر بە تواناکانم بدەم. سەرەتا هەر شیعری شۆڕشگێڕانە و دروشمم دەنووسی، تەنیا نیشانی هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەم و هاوڕێی زۆر نزیکی خۆم دەدان.

یەکەم شیعرت بەناوی چی بوو؟ کەی وەک شاعیرێک دەرکەوتیت و دەستت کرد بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانت؟
یەکەم شیعرم ناوی (دەنگی تەقە)یە کە شیعرێکی نیشتمانیی شۆڕشگێڕانەبوو، ساڵی 1985 - 1986 شێوازی شیعرنووسینم گۆڕی بۆ تەکنیکی نوێتر و بابەتەکانیشم بوون بە دەربڕینی هەستی ژنانە و دەنگهەڵبڕین بەرانبەر نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لەکاتێکدا کە سەرەتا شیعرەکانم دەنگهەڵبڕین بوو بەرانبەر بە زوڵم و زۆری نەتەوەیی و لایەنی سیاسیی ژیانمان وەک کوردێک. ئەوەبوو ساڵی 1987 لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی، یەکەم کۆڕی شیعریم پێشکەش کرد و پانزە شیعرم خوێندەوە. د.فەرەیدون عەبدول بەرزنجی بۆ یەکەم جار بە جەماوەری ناساندم.
هەر لەو ساڵەدا شیعرێکم لە گۆڤاری (کاروان)دا بڵاوبووەوە بەناوی (ئافرەتێک بە چرپە وتی)، لە هەمان ساڵدا وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی. لە چەند بڵاوکراوەیەکی دیکەشدا شیعرم بڵاو دەکردەوە، بەڵام هەندێک جار شیعرەکانم سانسۆر دەکران یان دەستکاریی هەندێ وشەی دەکران.
لەو شیعرانەی وێڕای سانسۆریش جێگەی خۆیان لە دڵی خوێنەرەکانمدا کردەوە ئەمانەبوون: (ئەی سەرچاوەی خەمی گەورە) و (خاڵی گومان) و (لە لای ئێمە) و (دەستت بێنە بابیگوشم). ژمارەی شیعرە بڵاوکراوەکانم کەمبوون تا دوای راپەڕین، لەگەڵ راپەڕینی ساڵی 1991، لە لایەک تێکەڵ بە کاری رۆژنامەوانیی بووم و لە لایەکی ترەوە ژمارەیەکی زۆر لە شیعرم بڵاوکردەوە و بەهۆی کۆڕ و سمینار و بەرنامەکانمەوە لە رادیۆ و تەلەفزیۆن، باشتر ناسرام.

یەکەم جار لەکوێوە تێکەڵاوی کاری پێشکەشکاریی بوویت و دواتر چۆن بەردەوام بوویت؟
لە رۆژانی سەرەتای راپەڕیندا، رادیۆی سلێمانی دەستیکرد بە پەخشکردن، لەو رادیۆیەدا بەرنامەی شەهیدانم پێشکەش دەکرد. دواتر لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، لە سەرەتای دامەزرانی کەناڵی ئاسمانیی کوردساتیشەوە چەند بەرنامەیەکم تێدا ئامادە و پێشکەش کردووە، کە ئەمانەبوون: (هەر ژنێک، لە هەر باخێک ژنێک، هەروەها بەرنامەی دژەباو).

ئەی سەبارەت بە کارکردنت لە بواری رۆژنامەوانی؟
ساڵی 1992 وەک پەیامنێر لە رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) دەستم بە کار کرد، ساڵی 1993 بووم بە پەیامنێری (کوردستانی نوێ)، لە 1994 بووم بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکە، دواتریش بووم بە سکرتێری نووسین لە رۆژنامەکەدا، ماوەیەکیش سەرنووسەری گۆڤاری (پشووی کوردستانی نوێ) بووم، تا لە ساڵی 2007دا بە ناچاریی وازم لە کارکردن لەو رۆژنامەیەدا هێنا کە یەکەم خانمە پەیامنێری جەنگ بووم تێیدا و یەکەم خانمە گۆشەنووسی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بووم. ساڵی 1995 گۆشەیەکم هەبوو بە ناوی (بچووک بەڵام...)، یەکەم ژنیش بووم کە سەروتاری رۆژنامەیەکی سیاسیی رۆژانە لە کوردستاندا بنووسێت. هەروەها بەرپرسی پاشکۆی ژنان و دوالاپەڕەی کوردستانی نوێ بووم، ماوەیەکیش بەرپرسی بەشی رێپۆرتاژ بووم، گۆشەیەکم هەبوو لە پاشکۆی ئەدەب و هونەر بەناوی (مەوداکانی قەڵەم). وێڕای ئەم ئەرکانە، لە پەیمانگەی کادیرانی قەڵاچوالانیش وانەم دەوتەوە سەبارەت بە: ژن و کاری میدیایی، ژن و دەستکەوتەکانی، ژن و مافە پێشێلکراوەکانی. هەروەها لە گۆڤاری کەرکوک و رۆژنامەی هەواڵ و گۆڤاری هەرێمدا گۆشەی هەفتانەم هەبووە. چەندین وتار و لێکۆڵینەوەم لە بڵاوکراوەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە.

کەی یەکەم دیوانت بڵاوکردەوە و چەند کتێب و دیوانت هەیە؟
ئەگەرچی لە کۆتایی هەشتاکانەوە شیعرم لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردبووەوە، بەڵام تا ساڵی 1999 نەمتوانی ببمە خاوەنی دیوانی چاپکراو. تا لەو ساڵەدا ناوەندی زاموا بۆ پاراستنی دەستنووسەکان، بە سەرپەرشتی هێرۆ خان، هەڵمەتێکی بەچاپگەیاندنی بەرهەمی نووسەرانی دەست پێ کرد، کە دیوانی (بەندەری بەرمۆدا) نۆبەرە دیوانی چاپکراوم بوو لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە گرنگەدا.
هەر لە ساڵی 1999دا، رێکخراوی لاوانی میدیا، دیوانێکیان بۆ چاپ کردم بەناوی (وتەکانی وتن). لە هەمان ساڵدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی چاپ کردم بەناوی (کتێبی ژن) کە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و وتاری تایبەت بە پرسی ژنانە. دواتر لە ساڵی 2001 سێیەم دیوانم بەناوی (قاوەیەک لەگەڵ ئەودا) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانییەوە بەچاپ گەیشت. ساڵی 2003 خانەی وەرگێڕانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری، کتێبێکی بەچاپگەیاندم بەناوی (ناسنامەی بکوژەکان، چەند خوێندنەوەیەک بۆ ئینتیما و بەجیھانیبوون) کە کتێبێکە لە نووسینی رۆماننووس و بیرمەندی لوبنانی – فەرەنسی، ئەمین مەعلوف-ە، لە عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ساڵی 2004 کۆمەڵە شیعرێکم بەچاپ گەیاند بەناونیشانی (ئاوێنەم شکاند)، ساڵی 2006 هەر چوار دیوانە چاپکراوەکەم و هەندێ شیعری دیکە کە لەدیوانەکانمدا نەبوون، چونکە نوێ بوون، لە کتێبێکدا بە ناوی (دیوانی کەژاڵ ئەحمەد) بەچاپم گەیاند. ساڵی 2014 ئەو کاتەی لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەژیام، دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان، دیوانێکیان بۆ چاپ کردم بە ناونیشانی (من دەبێت خۆم بسمیلبکەم)، داهاتی ئەم دیوانەم پێشکەش بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە. ساڵی 2019 لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی، دیوانی (زمانی باڵندەم دەزانی) بەچاپ گەیاند، ئەویش دوای گەڕانەوەم بوو لە عەممان و کۆتاییهێنان بە دوورییەک لە نیشتمان کە دە ساڵی خایاند.
جگە لە کتێب، ساڵی 2004 نامیلکەیەکم بەچاپگەیاندووە، بەناوی (یەکێتیی نیشتمانی و مەسەلەی ژن).
ئەوەی کتێبی لا خۆشەویست کردم، کتێبخانەکەی ماڵی شێخ قادری خاڵم بوو، یەکەم کتێبی شیعر کە خوێندمەوە؛ دیوانێکی نزار قەبانی بوو بە عەرەبی، وەرگێڕدراو نەبوو. دواتر لەو کتێبخانەیەی لە قوتابخانەکەماندا هەبوو، شانۆگەرییەکم خوێندەوە بەناوی (مەرگی دێوەرەیەک) کە شاکارێکی شانۆنووسی ئەمریکی، ئارسەر میللەرە. یەکەم رۆمانیش کە خوێندمەوە؛ رۆمانی (دایک)ی مەکسیم گۆرکی بوو، لەناو کتێبەکانی خاڵە ئیبراهیم بەرچاوم کەوتبوو. حەزم کرد ئەوە تاقی بکەمەوە کە کتێبێکی قەبارە گەورە بخوێنمەوە، ئینجا باوەڕ بکەن کە یەکەم جار دەتەوێت رۆمان بخوێنیتەوە، هەست دەکەیت کارێکی سامناک و زەحمەتە، هەمان هەستیشم هەبوو کە بۆ یەکەم جار کتێبێکی فەلسەفیم خوێندەوە، بەڵام دواتر خوێندنەوەی کتێب بەشێوەیەک داگیری کردم، کە تا ئێستاش هیچ رۆژێکی ژیانم بەبێ خوێندنەوە بەڕێ نەکردووە.

خوێندنەوە تا چەند کاریگەریی لەسەرت هەیە؟
دەتوانم بڵێم کاریگەریی کتێب لەناو خوێنمدایە و بە دەمارەکانمدا دەگەڕێت. ئەوەی کاریگەریی لەسەرم هەبووبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بخوێنمەوە و بەشێوازێکی جیاواز و تایبەت بەخۆم بنووسم و رێباز و ستایلی هاوچەرخ لە شیعرەکانمدا بەرجەستە بکەم؛ بەتەنیا خۆمم، بەڵام ئەو چرا بە شەوق و مامۆستایانەم کە رێگەی گەیشتن بەم ئاستەی ئێستامیان بۆ فەراهەم کردووم، زۆرن؛ یەکەم مامۆستام، د.فەرەیدون عەبدول بەرزنجیی شاعیر بوو، ئەو چەندین وانە و تێبینیی گرنگی سەبارەت بە گرامەریی کوردیی پێ وتم، هانی دام شیعرەکانم بڵاوبکەمەوە، بەوەی خۆی دەیبردن بۆ رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە، کە بڵاویش دەبوونەوە، نوسخەیەک لەو بڵاوکراوەیەی بە روویەکی خۆشەوە بۆ دەهێنام.
وەک پێشتریش ئاماژەم پێ دا، خاڵەکانیشم لە مەسەلەی خۆشویستنی کتێبدا هاندەربوون، تەنانەت بەهۆی خاڵە ئەحمەدمەوە، لەناو بەرمیلێک گەنمدا هەر جارە و بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵەم دەردەهێنا و دەمخوێندەوە، کە دایکم بۆ براکەی شاردبووەوە.
جارێکیان دەمانچەم لەناو گەنمەکەدا بینی و دامپۆشییەوە. لەو قۆناغەی ژیانمدا، کە دەستمکردبوو بە خوێندنەوەی کتێب، سەبارەت بە رۆزا لۆکسمبۆرگ و سیمۆن دۆبۆڤوار وڤێرجینیا وۆڵف و نەوال سەعداوی و فاتمە مەرنیسی و چەندانی تر، شیعرەکانم رووەو باسکردن لە هەستی ژنانە رۆیشتن. ئەوەی کردمی بە ناوێکی دیار، بە تەنیا شیعرە ئاست بەرزەکانم نەبوون، بەڵکوو هەڵوێستەکانم و ئازایەتییەک بوو کە پێویستە هەموو ژنێکی ئەم وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیبێت. هەروەها ئاستێکی رۆشنبیریش کە فریادڕەسی گەشتی هەر نووسەرێکە لە جیهاندا بەرەو داهێنان.

شارەزایان و لێکۆڵەران بۆچوونیان چۆنە سەبارەت بە شیعرەکانت؟
یەکەم لێکۆڵەر کە سەبارەت بە شیعری من بۆچوونی خۆی نووسیبێت، مامۆستا کەریم شارەزا بوو، لە ژمارە 73ی ساڵی 1989ی گۆڤاری (کاروان)دا خوێندنەوەی بۆ شیعرە بڵاوکراوەکانی ساڵێکی گۆڤارەکە کردبوو، کە وەک خۆی وتوویەتی "89 شیعر بوون"، لەوێدا دوای ئەوەی یەکەم شیعر کە بۆچوونی خۆی لەبارەیەوە وتووە؛ شیعرێکی پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵە. دووەم شیعر کە باسی دەکات، شیعرێکی منە، بە ناونیشانی (ئافرەتێک بە چرپە وتی) کە لە ژمارە 60ی (کاروان)دا بڵاوکراوەتەوە. مامۆستا کەریم شارەزا بەم شێوازە جوانە لە شیعرەکە دواوە و دەڵێت: "ئافرەتێک بە چرپە وتی، هۆنراوەیەکی خوشکە کەژاڵ ئەحمەدە، دەتوانم لە شیعرە چاک و سەرکەوتووەکانی شاعیری ئافرەتی کوردی بدەمە قەڵەم، چونکە شاعیر، ئافرەتە و زۆر بە جوانی لە خەم و ئازار و گیروگرفتەکانی ئافرەت لە کۆمەڵی کوردەواریدا دەدوێ. هۆنراوەکە سەرتاپای جوان و ناسک و سەرکەوتووە و کێش و مۆسیقای شیعرەکەی سوار و ئاوازدارن، لە بەشێکی هۆنراوەکەیدا بە شاعیرە نێرینەکان دەڵێ: من نیشتمانێکی سەوزم، چەندان ساڵە بەسەر جوانیما هەڵئەدرێ، پێنووسەکانتان بشکێنن، کەس وەکو خۆم مێژووی بوونم تۆمار ناکا و رۆمانی خەمم نانووسێ!" لە پاش ئەم لێکدانەوەیە، ئیدیی وەک شاعیری هەستی ژنانە ناسرام.
ساڵانێکی زۆر تێپەڕین و گەلێک لێکدانەوە بۆ شیعرەکانم دەکرێت و نازناوی زۆرم بۆ دادەتاشرێت، بەڵام کاریگەرترینیان ئەم ناساندنەی سەرەتای دەرکەوتنم بوو، کە لە هەڵسەنگاندنێکدا ئەوی بە من رەوا بینرا، بە مامۆستاکانیشم رەوا نەبینرابوو.
ئێوە ئەمە ناودەنێن چانس یان نەبوونی دەنگێکی زوڵاڵی ژن لەو سەردەمە تاریکەدا، کە رێگەخۆشکەربوو بۆ هەڵهاتنی ئەستێرەیەکی نوێ و بچووک لە پاڵ ئەستێرە گەورەکانی ئەو کاتەی ئەدەبی کوردیدا.
پێم وایە ئەگەر کاریگەریی هەر دەنگێکی شیعریی دیکەم لەسەر بوایە، بەو گەرمییە پێشوازی لە دەرکەوتنم نەدەکرا.

شیعر بۆ کێ دەنووسی؟
 بۆ خۆم و بۆ مرۆڤایەتی و بۆ گەردوون و بۆ خۆشەویستانم، هەروەها بۆ دوژمنەکانی خۆم و مرۆڤایەتی و گەردوون و خۆشەویستەکانیشم.

ئایا شیعرەکانت تەنیا بۆ ناخی خۆتە، یان گوزارشت لە ناخی ژنی تر دەکەیت و لەبری ئەوان دەنووسی؟
 ئەوەی وا دەکات خۆشم لەو باوەڕەدابم لە هەندێک لە شیعرەکانمدا لە ژنێک زیاتر قسە دەکات؛ دڵنیا دەبمەوە هەر خۆم نیم کە لە شیعرەکانمدا دەدوێم، دەنگ و هەستی ژنانێکم بەدرێژایی مێژوو بێدەنگ کراون، لە شیعرێکی وەک (ئافرەتێک بەچرپە وتی)دا لە لای ژنێکم کە ژان دەیگرێت، هەروەها شەوی بووکێنیمە و جلی سپیم لەبەر دەکرێت. هەروەها دەڵێم: ئەمشەو کچەکەم نەخۆشە، لەناو دەستی بچکۆلەیدا بەسۆزەوە دڵم دەگوشێت. هەروەها دەڵێم: من نیشتمانێکی سەوزم...، ئیدی بەمجۆرە دنیابینییەی کە ژن زۆر شتە و پەراوێزخراویشە؛ لە گەلێک لە هۆنراوەکانمدا لە لایەک چەندین دەنگی پڕ لە هاواری جیا لە دەنگی خۆم دەدۆزیتەوە، لە لایەکی دیکەش خۆمێکی راشکاو دەناسیت کە جیاواز لە ژنانی ترساو هەستەکانی دەردەبڕێت و هەوڵی پێناسەکردنی خۆی و وڵاتەکەی دەدات.

جگە لە زمانی کوردی، بە زمانی تر شیعرت نووسیوە؟
تەنیا بە زمانی کوردیی شیعرم نووسیوە، بەڵام دیوانم هەیە بە چەندین زمانی زیندووی دنیا، لەبەرئەوەی شیعرەکانم لەلایەن گەلێک وەرگێڕی کارامەوە وەرگێڕدراون و لەلایەن چاپخانە و دامەزراوەی ئەدەبیی گرنگی وڵاتانەوە بەچاپ گەیشتوون.
کۆمەڵە شیعرێکم بە زمانی نەرویژیی، لەلایەن خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (cappelen)ی نەرویژییەوە کە لە ساڵی 1829 دامەزراوە، بەچاپ گەیشتووە. ئەم خانەیە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا کۆمەڵە شیعرێکی شاعیرێکی کوردی بە نەرویژیی بەچاپ گەیاند، ئەو شاعیرەش منم. خانەی ناوبراو، لە زنجیرە چاپکراوەکانی شیعری سەدەی بیستەمی تایبەت بە ژناندا، دیوانی 24 ژنە شاعیری لە سەرانسەری دنیادا بە خوێنەرەکانی ناساند.
-دیوانی (EROBRINGR) واتا؛ فتووحات، لەلایەن بەڕێزان: (ھاودەم ساڵح جاف و خاتوو ئینگەر ئوستنستاد Inger Østenstad  لێکۆڵیار و مامۆستای کۆلێژی ئادابی زانکۆی ئۆسلۆ)وە وەرگێڕدراوە و بەتیراژی 1600 دانە لە ئۆسلۆ بەچاپ گەیشتووە. ئەم کتێبە، جگە لە شیعرەکان، لە دوو توێی لاپەڕەکانیدا بە قەڵەمی ھەردوو وەرگێڕ، پێشەکییەکی جوان و پڕبایەخ سەبارەت بە ئەدەبی کوردیی بە گشتی و مێژووی ئەدەبی ژنان لە کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە و باس لە ئەزموونی شیعریم کراوە.
-(Qehweyek li gel wî) کۆمەڵە شیعرێکمە بە شێوەزاری کرمانجیی باکوور، ساڵی 2006 لە ئیستەنبوڵ لەلایەن چاپخانەی ئاڤێستاوە بەچاپ گەیشتووە، خاتوو دلشا یوسف گۆڕیویەتی بۆ کورمانجیی باکوور.
-(قصائد تمگر نرجساً) کۆمەڵە شیعرێکی وەرگێڕدراومە بۆ زمانی عەرەبی، لەلایەن وەرگێڕی جوانەمەرگ، مامۆستا سەڵاح بەروارییەوە وەرگێردراوە و ساڵی 2008 دارلمەدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا چاپی کردووە.
-(poems kajal Ahmad) کۆمەڵە شیعرێکی وەرگێڕدراومە بۆ زمانی ئینگلیزی، کە سەنتەری وەرگێڕانی شیعری جیھانی، ساڵی 2008 لە لەندەن بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە لەلایەن دکتۆرە چۆمان ھەردی و شاعیری بەریتانی، خاتوو میمی خەلفاتییەوە وەرگێڕدراون.
-(مشتێ خوێHandful of Salt ) کۆمەڵە شیعرێکی وەرگێڕدراومە بۆ سەر زمانی ئنگلیزیی (ئەمەریکی)، ساڵی 2016 لەﻻیەن ئاﻻنە ماری لیڤنسۆن ﻻبرووس و دەریا عەبدولکەریم عەلی نەجم و میوان نەھرۆ سەعید سۆفی یەوە وەرگێڕدراوە و دامەزراوەی باربارە گۆڵدبێرگ لە ئەمەریکا چاپی کردووە، بەرگی یەکەمی ئەم بەرھەمە، کاری ھونەرمەند لوقمان ئەحمەدە کە هونەرمەندێکی ئێزدیی ئاوارەی ئەمەریکایە، خاتوو Alana Marie Levinson-LaBrosse  کە پێشتر مامۆستای زانکۆی ئەمەریکی بووە لە سلێمانی و لە ئێستادا سەرقاڵی دکتۆراکەیەتی، پێشەکی و لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە. داهاتی ئەم کتێبەم پێشکەش بە ژنانی ئێزدیی قووربانیی دەستی داعش کردووە.

جگە لە شیعر و نووسین و کارکردن لە رۆژنامە و بێژەری، لە چ بوارێکی تردا کارت کردووە؟
لە بواری هونەری نواندندا کارم کردووە، بەڵام بوارم نەبووە کاتێکی زیاتری لە ژیانمدا بۆ تەرخان بکەم. لەوانەیە ئەم قسانەم نوێبن بۆ بەڕێزت و خوێنەرەکانیشت، بەڵام مێژوویەک لە عەشقی هونەر و کاری هونەریی، لە سیڤییەکەمدا هەیە و شایستەی ئەوەیە لەم دیدارەدا تیشکی بخەمە سەر.
ساڵی 1993 بە دەنگ بەشداریم لە فیلمی سینەمایی (فرمێسکی رەش)دا کرد کە لە دەرهێنان و نواندنی مامۆستا کامەران رەئووف بوو، لەو فیلمەدا نامەی ژنی پێشمەرگەیەکم دەخوێندەوە کە لە کۆتایی فیلمەکەدا شەهید دەکرێت، کە هەر خۆشم نامەکەم نووسیبوو. جێگەی سەرنج و دەستخۆشیی بینەرانی ئەو سەردەمە بوو، لە کاتی خوێندنەوەی نامەکەدا، دەستیان دەکرد بە چەپڵەڕێزان.
کارێکی دیکەی هونەریی کە تیایدا بەشداربووم؛ فیلمی (تیرۆریستێک دادەبەزێت) بوو کە دەرهێنانی هونەرمەندی جوانەمەرگ، رەحیمی زەبیحی بوو، لەوێدا رۆڵێکی سەرەکیم دەبینی. بەرهەمەکە، کورتە فیلمێکی بەشداربووی فێستیڤاڵی ژنان بوو، لە ساڵی 2005 پێشکەش کرا لەو فێستیڤاڵەدا کە یەکێتی ژنان رێکیان خستبوو.

هەر لە باسی هونەردا دەمێنینەوە، تائێستا چەند شیعرت کراون بە گۆرانی؟
ژمارەیەکی زۆر لە شیعرەکانم کراون بە گۆرانی، هەندێکیان گۆرانیی بەناوبانگ و نەمرن، وەک: گۆرانیی (لاوۆ) کە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی ئاوازی بۆ داناوە، سەرەتا لە ساڵی 2001 لەلایەن تیپی کیژانی سلێمانییەوە بە دەنگی ئەڤین عوسمان پێشکەش کرا، دواتر لەم ساڵانەی دواییدا بە دەنگی خاتوو ئەمەل سەعید کوردە گوێمان لێ بوو، چەند گۆرانیبێژێکی پیاویش ئەم گۆرانییەیان وتووەتەوە.
یەکێکی تر لەو گۆرانیانەی شیعری منە، گۆرانیی (سووتان)ە کە ئاوازی مامۆستا خالید سەرکار و وتنی هونەرمەندان کیژان ئیبراهیم خەیات و عەباس محەمەد بوو، گۆرانیی پێشەکی زنجیرەی تەلەفزیۆنیی جومعە بوو، کە لە دەرهێنانی رەوانشاد، حسێن میسریی بوو.
گۆرانیی (توندوتیژی)ی کە لەلایەن خاتوو (باخان)ەوە وتراوە، بۆ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی نووسیوومە و کلیپی بۆ کراوە، یەکێکی دیکەیە لەو کارانەی جێگەی شانازیمن.
گۆرانیی (باڵابەرزی جوان)ی کە دەقێکی منە و تێکهەڵکێشی فۆلکلۆرم کردووە، خاتوو زامبیا وتوویەتی. گۆرانیی (گوڵی سپی) کە بە دەنگی لەیلای فەریقی وتراوە و کلیپێکی جوانی بۆ کراوە، شیعری منە و بۆ مەرگی مەرزییە فەریقیم نووسیوە. خاتوو تارا رەسوڵ یەکێک لە شیعرەکانمی بەگۆرانیی وتووە بەناونیشانی (ئەگەر چاوم تۆ نەبینێ). هەروەها بۆ پێشەکی زنجیرەی تەلەفزیۆنیی نیشتمان، شیعرێکم نووسیوە بەناوی (ئەی نیشتمانی دزراوم) کە هونەرمەند نەژاد بەرزنجی و خاتوو ئەڤین عوسمان وتوویانە، مامۆستا خالید سەرکار ئاوازی بۆ ئەم بەرهەمە داناوە. (ئەم دڵەی من) شیعرێکی دیکەی لیریکیمە و نلیسا وتوویەتی و گۆرانییەکە کلیپێکی سەرنجڕاکێشی بۆ کراوە، لە ئێستادا هەر هێندەم لەبیرە سەبارەت بەو شیعرانەم کە کراون بە گۆرانی.
هۆکاری گرنگیدانیشم بەم لایەنە ئەوەیە، کە هەستی ژنانە زۆر بە کەمیی لە گۆرانیی خانمە هونەرمەندەکاندا هەستی پێ دەکرا، هەر بۆیە بە پێویستمزانی لەم بوارەدا خزمەتێک پێشکەش بکەم ئەگەرچی کەمیش بێت، بەڵام رەنگدانەوەیەکی جوان و جێپەنجەیەکی خانمانە لەناو هونەری کوردیدا دابنێت.

لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵیت و پرۆژەت چییە بۆ ئایندە؟
 سەرقاڵییەکانم؛ ئەم جارە بەتەنیا لەبواری نووسین و بەچاپگەیاندنی کتێبی نوێدا نییە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ سەر شاشەی کوردسات و لە (کوردسات نیوز) بەرنامەیەکی جیاوازم دەبێت، بەناو مێژووی کۆن و نوێدا گەشتێک بە بینەری کورد دەکەم و دەمەوێت پێیان بڵێم دەکرێت سەیرکردنی بەرنامەیەک هەروەک خوێندنەوەی کتێبێک پڕچێژ و بەسوود بێت. لەو بەرنامەیەدا هەوڵدەدەم هێڵە سوورەکان تێبپەڕێنم. جگە لەم بەرنامەیە، هەشتەم دیوانی شیعرم ئامادەیە بۆ چاپ بە ناونیشانی (دەمکوژێنیتەوە بۆ ئەوەی دابگیرسێم). ئەو کتێبەشم کە سەبارەت بە کوردەکانی ئوردنە، بە ناونیشانی (لە شانشینەوە)یە و هەر ئامادەیە بۆ چاپ، ئەگەرچی دەبوایە لە 2020دا چاپ بکرێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و هەندێک گرفتی دیکە، دواکەوت بۆ ساڵی 2021. هەروەها‌‌ لە سەردەمی کارکردنم لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا، گۆشەیەکی هەفتانەم هەبوو بەناوی (بچووک بەڵام)،  ئێستا کۆمکردوونەتەوە و ئامادەیان دەکەم بۆ چاپ لە دووتوێی کتێبێکدا. هەروەها سەرقاڵی پێداچوونەوەم بە رۆمانی (کچانی دووکەڵ و ئاگر)دا کە لە نووسینی خانمە نووسەری بەتوانا (ئاڤا هوما)یە و کاک شەفیقی حاجی خدر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردیی.


*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز نەرمین عوسمان، لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن