کوردستانی

پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمه‌تبارێكی ده‌ستگیركرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمه‌تبارێكی ده‌ستگیركرد
مه‌ودا میدیا-

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرای ده‌كات توانیویانه‌ تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ به‌ناوی كاری خێرخوازییه‌وه‌ دزی له‌ ژنێكی به‌ته‌مه‌ن كردبوو، باس له‌وه‌ش ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس ده‌ستی پێكردووه‌ له‌ رووداوی ته‌قه‌كردنی شه‌وی رابردوو له‌ ماڵی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند "دوای ئه‌نجامدانی تاوانێكی قۆڵبڕین له‌ مانگی ته‌مموزی ساڵی 2019 كه‌ كه‌سێك به‌ناوی خێرخواز هه‌ستا به‌ بردنی مله‌ لیره‌یه‌ك كه‌ 12 لیره‌ی پێوه‌بووه‌ له‌ ژنێكی به‌ته‌مه‌ن له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، پاش به‌دواداچونێكی زۆر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ توانرا تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ست نیشان بكرێت كه‌ ناوی (أ،ت،ش) ه‌ و ته‌مه‌نی 71 ساڵه‌ و دانیشتووی پارێزگای سلێمانییه‌، تۆمه‌تبار به‌پێی ماده‌ی 446 ی یاسای سزادانی عیراقی ده‌ستگیركراوه‌.

له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌دا هاتووه‌ "شه‌وی رابردوو كاتژمێر(9:58)خوله‌ك له‌لایه‌ن 2 تۆمه‌تباری نه‌ناسراو كه‌ ماتۆڕسكیلێكی بێ‌ ژماره‌یان پێبووه‌ به‌ چه‌كی جۆری كڵاشینكۆف ته‌قه‌ له‌ماڵی په‌روێز نیازی ئه‌سكه‌نده‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ و ژماره‌یه‌ك فیشه‌ك به‌ر دیواری خانوو و گه‌راجی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كه‌وتووه‌ و هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌".

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌.
Qaiwan
Qaiwan