کوردستانی
شەش تۆمەتبار خۆیان رادەستی پۆلیس کرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی شەش کەسی راگەیاند، کە لەسەر رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەک خۆیان رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 17ی نیسانی 2021، لەسەر رووداوەکەی دوێنێی ناحیەی چوارقوڕنە کە هاوڵاتییەک درایە بەر دەستڕێژی گولـلـە، شەش کەس خۆیان رادەستی هێزەکانمان کرد و بە مادەی 406 سەرجەمیان راگیرکران".
دوێنێ هەینی 16ی نیسانی 2021، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، رایگەیاند "تەرمی کەسێک بەناوی (ئ،م،ب) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ رەگەزی نێر پیشەی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین، گەیەندرایە پزیشکی دادوەری رانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەبووە، دوای ئەنجامدانی توێکاری رادەستی کەسوکاری کرایەوە".
پۆلیسی راپەڕین، ئاماژەی بەوەشکردبوو "بە وتەی خێزانی کوژراوەکە پێش خۆرئاوابوون لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی گوللەی کرایەسەر و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
ه.ع