عیراقی
"هەفتەی داهاتوو خەرجکردنی بودجە دەستپێدەکات"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو دەستبەخەرجکردنی بودجەی گشتیی عیراق دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێت.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عیراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی "پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".
فازڵ نەبی، وتیشی "لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە ئەوەندە رەوانە دەكەن".
جەختی لەوەشکردەوە "گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت".
ه.ع