کوردستانی

پۆلیس زانیاری لەبارەی ئەو شەڕە دەخاتەڕوو کە لەسەر مامەڵەکردن بە قەنەفە دروستبوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیس زانیاری لەبارەی ئەو شەڕە دەخاتەڕوو کە  لەسەر مامەڵەکردن بە قەنەفە دروستبوو
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

شەوی رابردوو لە شاری هەولێر لەسەر کڕینی قەنەفە شەڕ لە نێوان دوو کەس دروستبوو یەکێکیان تەقەی لەوی دیکەیان کرد، پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە روونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوەدەکات تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە بازاڕی (سەید مستەفا) دوو لایەن لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ تووشی دەمەقالێ بوون، لە ئەنجامدا لایەنێک هەڵسا بە تەقەکردن، بەڵام هیچ کەسێک زامدار نەبوو و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێریش، هەمان کات توانییان تۆمەتبارێک بە ناوی (ئ. م. ص) دەستگیر بکەن كە هەڵسابوو بە تەقەکردن".

باسی لەوەشکرد "هەرچەندە هەردوو لایەن لە نێوان خۆیاندا ئاشتبوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەقەکردن مافی گشتی دەیگرێتەوە، پەراوی بۆ رێکخرا و رەوانەی دادگا کراوە بۆ وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پۆلیسی هەولێر، لە پێناو پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتییاندا، شەو و رۆژ لە ئەرکدایە و خۆمان بە خزمەتکاری هاوڵاتییان دادەنێین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan