گێتی
سعودیە و ئێران دەستیان بە دانوستان کردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوو شاندی سعودی و ئێرانی لە بەغدای پایتەختی عیراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو پرسانەوە کردووە کە لە نێوانیاندا جێی کێشەن، وەکو؛ قەیرانەکانی یەمەن، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودییە و چەند پرسێکی تر.
رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بەو سەرچاوانەی کە لە بەرپرسانی باڵای عیراقییەوە دەستیکەوتوون، ئاشکرای کردووە کە رۆژی 9ی ئەم مانگە لە بەغدای پایتەختی عیراق، دوو وەفدی سعودی و ئێرانی کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئەمەریکییەکە شاندی سعودی لەلایەن خالید بن عەلی ئەل حومەیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سعودیەوە سەرۆکایەتی کراوە و بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش کە ناوەکەی ئاشکرا نەبووە سەرۆکایەتی وەفدە ئێرانییەکەی کردووە.
میدیا ئەمەریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەردوولای دانوستانەکە بڕیاریانداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تری هاوشێوە ئەنجامبدرێت.
چاودێرانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەم کۆبوونەوەیە وەکو هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دەبینن.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە ماوەی پێنج ساڵە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک لەنێوان سعودیە و ئێراندا بەڕێوەنەچووە.
ب.م