کوردستانی

"ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كارگه‌كانى چه‌و و لم لابردرێن"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كارگه‌كانى چه‌و و لم لابردرێن"

مه‌ودا میدیا-

بوونى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر رووبارى سیروان له‌ سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان و تێكدانى سیما و رێڕه‌وى ره‌سه‌نى رووباره‌كه‌، نیگه‌رانى لاى چالاكوانان و هاوڵاتییان دروستكردووه‌، ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستانیش ئاشكرایده‌كات، ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كارگه‌كانى چه‌و و لم لابردرێن.

دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان، له‌ لاپه‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ده‌ڵێت "بەدواداچونمانکرد بۆ پرسی رووباری سیروان و نزیکەی 40 غەسالە كارگه‌ی چەو و لم لەسەر ئەم رووبارەیه‌، کە بوونەتە ھۆکاری تێکدانی سروشتی شارەکە و ناڕەزایه‌تییەکی زۆر".

ده‌شڵێت "بەدانپێدانانی ھەموو لایەک کارگەکانی چەو و لم زیانی گەورەی بۆ سروشت و ژینگەی سیروان و کەلار ھەیە، بەڵام کێشەی گەورە ھەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتییە لەلایەن وەزارەت و لایەنێکی دیاریکراو، مۆڵەتیان لای سامانە سروشتییەکانە، چاودێری و بەدواداچوون و سزادانیان دابەشبووە بەسەر چەند وەزارەت و شوێنێکی تر".

دابان محه‌مه‌د، ئاشكراشیكرد "ئیدارەی گه‌رمیان ئامادەیی ھەموو چارەسەرێکە بە ھەڵوەشاندنەوە و لابردنی کانەکانی چەو و لم، بەھاوکاری و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان".

جه‌خیشیكرده‌وه‌ "شەپۆلێک لە داگیرکاری زەوی و زار و زیادەڕۆیی و تاڵانکردنی زەوی، رووی لە ھەندێک ناوچە کردووە، سەرەتا و ئاماژەکانی لە گەرمیان دەرکەوتوون، رێگری بکرێت لەوەی ئەم داگیرکاری و تاڵانییە، زیاتر سەرنەکێشێت و کۆمەڵێک کەس بەناوی نوێنەر و بەرپرسانی حزبی و حکومی لە رێگەی زەوی و زاری کەلارەوە نەبنە ملیۆنێر، زەوی کەلار تاڵان نەکرێت".

له‌ماوه‌ى رۆژانى پێشوودا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌تێك بۆ لابردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم لە گەرمیان ده‌ستیپێكردووه‌و تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

هـ.ع
Qaiwan
Qaiwan