کوردستانی

مەریوان نەقشبەندی: داعشە دەستگیرکراوەکان نوێژیان نەکردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەریوان نەقشبەندی: داعشە دەستگیرکراوەکان نوێژیان نەکردووە

مەودا میدیا-

پاش ئەوەی شەوی رابردوو دانپێدانانی ژمارەیەک چەکداری داعش بڵاوکرایەوە و یەکێک لە داعشەکان وتی، لەپشت هیچ مەلایەکەوە نوێژیان نەکردووە کە سەر بە داعش نەبووبێت، بەرپرسێک لە وەزارەتی ئەوقاف رایدەگەیەنێت، "ئەو گەنجانە نوێژیان نەکردووە چونکە مەلامان نییە داعش بێت".

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، دەڵێت "بن لادن کوردی، یەکێک لە داعشە دەستگیرکراوەکان دەڵێت، لەپشت ھیچ مەلایەکەوە نوێژمان نەکردوە کە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) نەبوبێت".

دەشڵێت "ئەم قسەیە دوو مانا دەبەخشێ، یان ئەوەیە ئەم گەنجە کوردانە نوێژ و جەماعەتیان نەکردووە، چونکە مەلای کورد نەبووە بڕوای بە داعش ھەبووبێت تا نوێژی لەپشتەوە بکەن، یان ئەوەیە مەلا ھەیە لەکوردستان کە باوەڕی بە داعش ھەیە و ئەم گەنجانەی دەستگیرکراون کە زۆربەیان کوردن و لە کوردستان دەژین کەچی پاشگری کوردییان بۆ ناوەکانیان داناوە، ھەندێک لەو مەلایانە دەناسن و نوێژیشیان لەپشتەوە کردوون" .

مەریوان نەقشبەندی، ئاماژەی بەوەشکرد "سەرھەڵدانەوەی خانەی نوستووی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ھەرێمی کوردستان، پێشھاتێکی مەترسیدارە و پێویستی بە ھەڵوەستەیەکی ئازایانەی فیکری و ئایینی و ئەمنی ھەیە".

شەوی رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی 22 چەکداری داعشی راگەیاند، کە ویستویانە کردەوەی تیرۆرستی لە شارەکان ئەنجامبدەن.

ه.ع
Qaiwan
Qaiwan